English | عربي

راگەیاندراوی پۆمپیۆ سەبارەت بە دیدار و کۆبوونەوەکانی لە سعوودیە


راگەیاندراوی پۆمپیۆ سەبارەت بە دیدار و کۆبوونەوەکانی لە سعوودیە

2018/10/17 | 09:45

(هەواڵ كوردستان)- واشنتۆن - AA

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ، ئاشکرایکرد بەڵێنی جدیی سەبارەت بە دەسنیشانکردنی راستییەکان و دۆزینەوەی بەرپرسیاران لە کەیسی رۆژنامەوانی سعوودیی، جەمال خاشقچیدا، دراون.

مایک پۆمپیۆ کە لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و، بەمەبەستی تاوتوێکردنی چارەنووسی جەمال خاشقچی سەردانی سعوودیەی کرد، راگەیاندراوێکی پەیوەست بە دیدار و کۆبوونەوەکانی لەو وڵاتە، بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەیدا پۆمپیۆ باسی لەوەکردووە کە، لەگەڵ هەریەک لە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، شازادە محەمەد بن سەلمان و وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبێر کۆبووەتەوە و رایگەیاندووە "کۆبوونەوەی راستەوخۆ و راشکاومان ئەنجامدا.

جەختم لەسەر گرنگیی لێکۆڵینەوەی بەرفراوان، شەفاف و لە کاتی خۆیدا کردەوە و، سەرکردایەتیی سعوودیە لەوبارەیەوە بەڵێنی هاوکارییان دا".

سەبارەت بە پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان ترەمپ و شازادە محەمەد بن سەلمانیش، پۆمپیۆ تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی شازادە رایگەیاندووە کە "لێکۆڵینەوەیەکی جدی و متمانەپێکراو دەستیپێکردووە" و سەرکردایەتیی سعوودیە ئەو بانگەشانە بە "توندی رەتدەکاتەوە" کە باس لەوە دەکەن ریاز ئاگاداری رووداوەکانی کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی بووە لە ئیستانبوڵ.

پۆمپیۆ لە راگەیاندراوەکەیدا هەروەها نووسیوویەتی:

"بەپێی ئەو ئەنجامانەی لەم کۆبوونەوانە دەستم کەوتوون، سەرکردایەتیی سعوودیە بە کاربەدەستانی باڵای وڵاتەوە، بە جدی سوورن لەسەر ئەوەی بەرپرسیارانی رووداوەکە بدۆزرێنەوە و سەرجەم راستییەکان ئاشكرابکرێن.

سەرۆک ترەمپ، داوای لێکردم کە سەردانی تورکیا بکەم و لەگەڵ کاربەدەستاندا کۆببمەوە.

بەردەوام دەبین لەوەی لە نزیکەوە پەیوەندییمان لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا و سعوودیە هەبێت تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکانیان تەواودەکەن و ئەو شتانەی کە دۆزیوویانەتەوە ئاشکرایان دەکەن".








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending