لە هەڵەبجە ڕێکخراوەکان بە بەهای ملیۆنان دینار پڕۆژەیان لە ساڵی 2022دا ئەنجام داوە بەڵام حکومەت هیچ پڕۆژەیەکی نوێی نەبووە
2023-01-18 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
لە ساڵی 2022 ڕێکخراوە بیانیەکان لە پارێزگای هەڵەبجە بە بڕی زیاتر لە یەک ملیار دینار پڕۆژەیان ئەنجام داوە، لەبەرامبەردا پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانی حکومەتی هەرێمی کورستان لە پارێزگاکەدا سستن و شارەوانی هەڵەبجە بەهۆی بێ بودجەیەوە هیچ پڕۆژەیەکی نوێی لە ساڵی 2022 ئەنجام نەداوە . فریاد نەحمەدین، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " ڕێکخراوە بیانیەکان لە پارێزگای هەڵەبجە ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن لە جێ بەجێ کردنی پڕۆژە گەورە و مام ناوەند و بچوکەکان. لە ساڵی ڕابردوودا بە بڕی یەک ملیار و 420 ملیۆن و 51 هەزار دینار پڕۆژەیان جێ بەجی کردووە." فریاد نەجمەدین ڕایگەیاند کە پڕۆژەکان لە سێکتەری قوتابخانە و تەندروستی و ئاو ئاوەڕۆ و دابینکردنی ئامێر و کشتوکاڵ و ڕەخساندنی کار بووە، وە ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی و جی ئای زێدی ئەڵمانی و یونسێف و ڕێکخراوی ڕیچ لە ڕیزی پێشەوەن لە ئەنجامدانی پڕۆژەکان. بە پێی زانیاریەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە بۆ دەنگی ئەمەریکا، لە پارێزگاکە سەرەڕای ئەوەی کە هیچ پڕۆژەیەکی نوێ نەبووە، بەشێک لە پرۆژەکانی ساڵانی تریش وەستاون بەهۆی کێشەی نەبوونی بودجە. سەید حەکیم سەید نەجیب سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لە ساڵی 2022 هیچ پڕۆژەیەکی نوێمان نەبووە کە جێ بەجێی بکەن، ئەوەش بەهۆکاری نەبوونی بودجەوە." ڕایشیگەیاند "ئەو پڕۆژانەش کە کارمان لەسەرکردوون پڕۆژەی بچووک بوون و هەندێکیان کۆمپانیاکان خۆیان تەواویان کردوون هەندێکیشیان لە ئیش کردن وەستاون کە هی ساڵی 2021 بوون." سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە ئاماژەیدا کە لە شارەکە چەندین گەڕەک هێشتا پڕۆژەی سەرەتاییان نیە، وەک قیرکردن و ئاو ئاوەڕۆ. ئەو ڕایگەیاند کە داواکاری شارەکە بۆ حکومەت تا ئێستا بێ وەڵام بووە. عەزیز محمد، کە هاووڵاتیەکی هەڵەبجەیە لە گەڕەکی ئەندازیاران، گلەیی لە خراپی خزمەتگوزاریە حکومیەکان دەکات لە شارەکەی. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەهاوینان لەناو تۆزداین و بە زستانیش لەناوقوڕدا. تا ئێستا گەڕەکەکەمان قیرنەکراوە. ڕۆژانە منداڵەکانمان و خۆشمان کە دەچینە دەرەوە، ڕووبەڕووی چەندین گرفت دەبینەوە." بەهۆی ئاڵۆزیەکان لە عێراق و سوریاوە ، ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەی عێراق وسوریا هاتوونەتە هەڵەبجە، کە بەگوێرەی چاودێرانی شارەکە هۆکاربووە بۆ ڕاکێشانی چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ شارەکە. ژمارەی خێزانە ئاوارەکانی نیشتەجێ لە هەڵەبجەن لە ئێستادا بە 500 خێزان مەزندە دەکرێن. عبدالقادر کاکە سور، نوێنەری ڕێکخراوی یونسێف، لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " دوای ئەوەی کە پێمان ڕاگەیەنرا لە هەڵەبجە ئاوارەکان قوتابخانەیان نیە ، بە هەماهەنگی وەزارەتی پەروەردە هاتینە هەڵەبجە ، قوتابخانەیەکمان بە بڕۆی 270 ملیۆن دینار بۆ خوێندکارانی ئاوارە دروست کرد، کە ئێستا دوو دەوامی خوێندنی تێدای و خوێندکاران سودمەندن لە قوتابخانە." شایەنی باسە، لەساڵی 2022 فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان کۆنفرانسێکی لە ژێرناونیشانی (لەهەڵەبجەوە دەست پێدەکەین) بە بەشداری ژمارەیەکی فراوان لە ڕێکخراوە بیانیەکان ڕێکخست. لە کۆنفرانسەکەدا داوا لە ڕێکخراوە بیانیەکان کرا هاوکاری ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجەن. بەرپرسانی شارەکە دەڵین ڕێکخراوەکان لە ڕێگەی کۆنفرانسەکە و باڵیۆزخانە و کونسوڵگەریەکانیانەوە ، پەیوەندیان لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە دروستکردووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکانیان.