سەیدسادق یەک هەفتە مۆڵەت دەداتە حکومەت
دیجیتاڵ میدیای سپێده
ژمارەیەک لە کەسایەتی ئایینی، کۆمەڵایەتی، ڕۆژنامەنووس، هاووڵاتی، خەمخۆران و چالاکوانی شاری سەیدسادق له بهیاننامهیهكدا ڕایانگهیاند: لەئێستادا قەزای سەیدسادق بەدۆخێکی بێ خزمەتگوزاری و پشتگوێخستن و ئاوڕنەدانەوە و گەندەڵیی ئیداریی و دارایی و سیاسییدا تێدەپەڕێت، ئاستی ناڕەزایەتی و بێزاریی هاووڵاتیان و هاوشارییانمان گەیشتوەتە لووتکە، دەنگبەرزکردنەوە بۆ داواکاریی خزمەتگوزاریی گەیشتوەتە هەموو کوچە و کۆڵانێک و هیچ بەدەمەوەهاتنێک لەئاستی بەرپرسیارێتیدا نابینین.
ئاماژهشیان بهوهكرد، لەڕوانگەی ئەو بەڵێنانەی پێماندراوە لەم قۆناغەدا و تا ماوەی یەک هەفتە ددان بەخۆماندا دەگرین و چاوەڕوانی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان دەکەین، هەروەها وەڵامی دڵنیاکەرەوەمان لێیان دەوێت لەپێناو خزمەت و بووژاندنەوەی شارەکەمان.
دهقی بهیاننامهكه:
ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی
بەڕێزان:
لەئێستادا قەزای سەیدسادق بەدۆخێکی بێ خزمەتگوزاری و پشتگوێخستن و ئاوڕنەدانەوە و گەندەڵیی ئیداریی و دارایی و سیاسییدا تێدەپەڕێت، ئاستی ناڕەزایەتی و بێزاریی هاووڵاتیان و هاوشارییانمان گەیشتوەتە لووتکە، دەنگبەرزکردنەوە بۆ داواکاریی خزمەتگوزاریی گەیشتوەتە هەموو کوچە و کۆڵانێک و هیچ بەدەمەوەهاتنێک لەئاستی بەرپرسیارێتیدا نابینین.
له دیدگای ئێمەوە گەمارۆدانی شارەکەمان و پشتگوێخستنی بۆ ماوەی یەک (دەیە) بگرە زیاتریش، بەمەبەستە و هیچی کەمتر نییە لەخاپوورکردنی شارەکەمان بەدەستی ڕژێمی بەعس، ئەمەش جێگای قبووڵکردن نییە و هەڵوێستمان هەبووە لە ڕابردوودا، جێگەی داخە هەمووجارێکیش لە دەنگهەڵبڕین و داواکاریی خەڵکی شارە قوربانیدەرەکەمان، لەبری ئاوڕدانەوە و بەدەمەوەهاتن، جەرگ سووتانی چەند دایکێکی تری شارەکەمانی لێکەوتوەتەوە!
ئێمە وەک ژمارەیەک هاووڵاتی، چالاکوان، ڕۆژنامەنووس، کەسایەتی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکان، لە ڕوانگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی و پەرۆشی و خزمەتکردنی شار، لەدەرگای چەندین بەرپرسی باڵامان داوە و لەئێستاشدا ڕوومانناوە لە دەرگای سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چونکە زۆربەی پۆستەکانی حکومەت لەم شارە پشکی ئەوحزبەیە و هاوکات حزبی حاکمیشە، لەبەر ئەوە چاوەڕێی وەڵامی جددیان لێدەکەین.
بەڕێزان....
لەڕوانگەی ئەو بەڵێنانەی پێماندراوە لەم قۆناغەدا و تا ماوەی یەک هەفتە ددان بەخۆماندا دەگرین و چاوەڕوانی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان دەکەین، هەروەها وەڵامی دڵنیاکەرەوەمان لێیان دەوێت لەپێناو خزمەت و بووژاندنەوەی شارەکەمان. ئەم داواکارییانەی خەڵک، ڕەنگدانەوەی خراپترین دۆخی ژیانی دانیشتووان و داتەپینی ئەدای ئیدارەدانی قەزایەکی زۆر گەورەی وەک سەیدسادقە، کە دڵی شارەزوورە. دەخوازین ئەم داخوازییانەی خەڵکی قەزای سەیدسادق وەک خۆی وەربگیرێت و تێکەڵی ململانێی سیاسیی نەکرێت و هیچ هیزێک بۆ بەرژەوەندیی خۆی نەیقۆزێتەوە، ئێمە هەموو ڕەنگ و دەنگەکانی شارەکەین و داواکارییمان تەنیا و تەنیا خزمەتگوزاریی شارەکەمانە و هەمووشمان هاودەنگین لەوەی شارەکەمان پەراوێز خراوە و خراپترین دۆخ دەگوزەرێنین.
هەرلێرەشەوە ڕایدەگەیەنین هەر سیناریۆیەک هەبێت بۆ خۆپیشاندان و شەرعیەتدان بەکەسانێکی بێزراو، ئەنجامەکەی لای هاوشاریان ڕوون و دیارە و جێگای قبوڵکردن نییە.
داواش دەکەین بەرپرسان خاوەنی بەڵێنی خۆیان بن و توڕەیی و ناڕەزایەتی هاووڵاتیان لەبەرچاو بگرن و بە بەگەڕخستنەوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و دابەشکرنی سووتەمەنی و زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبا، نیازپاکی خۆیان بۆ خەڵکی شار دەرببڕن.
ژمارەیەک لە:
کەسایەتی ئایینی، کۆمەڵایەتی، ڕۆژنامەنووس، هاووڵاتی، خەمخۆران و چالاکوانی شاری سەیدسادق.
18ی کانوونی دووەمی 2023