کونسوڵی ئەمەریکا هانی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان دەکات وەبەرهێنان لە هەڵەبجە بکەن
2023-01-19 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنچشەممە سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کردوو لەگەڵ بەپرسانی ئیداری و پارێزگاکە کۆبوویەوە و ڕایگەیاند هەوڵەکانیان بۆدروستکردنی هەماهەنگی لە نێوان کۆمپانیاکانی ئەمەریکا و ئیدارەی هەڵەبجە دەخەنەکارو لەگەڵ حکومەتی عیراقیش لەسەر گرفتە داراییەکانی ئەو پارێزگایە گفتوگۆ دەکەن. ئێرڤن هیکس، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە دەنگی ئەمەریکا ئامادەیبوو، ڕایگەیاند، "ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی سەیری بابەتەکانی مافی مرۆڤ و دەرفەتەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان بکەین." هەروەها ئاماژەیدا کە بڕیارە تیمێکی بازرگانی ئەمەریکا مانگی شەش سەردانی پارێزگاکە بکات و ڕایگەیاند، "دەمانەوێت بیری هاوڕێیان و هاوپەیمانانمان بخەینەوە لێرە کە هەڵەبجە گرنگە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. هاتنمان بۆ ئێرە ئەمڕۆ بۆ بەردەوامیدان و فراوانکردنی ئەو پەیوەندییەیە، وە بۆ ئەوەیە هەلەکانی وەبەرهێنان فراوان بکەین بەتایبەت لە بواری کشتوکاڵ دا." سەید حەکیم سەید نەجیب، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە، لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە بەرپرسانی پارێزگاکە، لە نیوانیان سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی، لەگەڵ کونسوڵی ئەمەریکا کۆبوونەتەوە بۆ تاووتوێکردنی ڕێگاکانی هاوکاری لە نێوان هەردوولا. سەید حەکیم ڕایگەیاند، "داوامانکرد وەک چۆن کۆڵن پاوڵ دوو قوتابخانەی لە هەڵەبجە درووستکرد، ئێستاش کونسوڵی ئەمەریکا لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان هاوکاری ئاوەدانکردنەوەی شارەکەبێت. کونسوڵی ئەمەریکا پێی ڕاگەیاندین کە هاوکاری دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان کۆمپانیا ئەمەریکیەکان و ئیدارەی هەڵەبجە دەبێت. لەداهاتوودا سەرۆکی ژووری بازرگانی هەڵەبجە و سلێمانی و هەولێر و دهۆک دەباتە ئەمەریکا تا هەماهەنگی دروست بکەن لەگەڵ کۆمپانیاکان. لەگەڵ حکومەتی عێراقیش بۆ گرفتەداراییەکانی هەڵەبجە هەماهەنگی دەکەن". ئێرڤن هیکس پێش سەردانەکەی بۆ هەڵەبجە، لە شاری سلێمانی لەگەڵ ژووری بارزگانی ئەو شارە و گۆشەی ئەمەریکی لە زانکۆی سلێمانی کۆبوویەوە. ئەو لە هەڵەبجە سەردانی ڕێکخراوی نوێ بۆ ژینگە و مافەکانی ژنانی کردوو و مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەی بەسەرکردەوە، وە کیمیابارانی هەڵەبجەی بە "تراژیدیا" ناوبرد. کونسوڵەکەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "وەکو دەزانن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆڵی سەرەکی بینی لە کۆتاییهێنان بە بەردەوامی ئەو ڕوداوە تراژیدییە لە ژێر دەستەڵاتی ڕژێمی سەدام حسێن." قەیسەر ڕەحمان بە ڕێوبەری ڕێکخراوی نوێ لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "داوامان کرد حکومەتی ئەمەریکا وەک پارێزگاکانی دیکە، کە سەنتەری کەلتوریان تێداو سەربە ئەمەریکان، لە هەڵەبجەش سەنتەرەکە بکاتەوە. قونسڵی ئەمریکا ئاماژەشی بەوەکردووە، کە میدیای ئازاد ڕۆڵی گرنگە و پشتیوانی دەبین." هەڵەبجە وەک پارێزگایەکی نوێی عێراق و هەرێم، تا ئێستا هەنگاوە ئیداریەکانی تەواونەکراون. ئەوەش وایکردووە لەڕووی وەبەرهێنانەوە پڕۆژەی پێویستی تێدا نەکراوە. ساڵانە قونسڵگەری ووڵاتان لە ڕێگەی ڕێکخراو و کۆمپانیاکانیەوە هەماهەنگی دارایی چەندین پڕۆژەی قەبارە جیاواز لە پارێزگاکەدا دەکەن.