هەواڵی کوردستان ئێستا

نەتانیاهو لەگەڵ پاشای ئوردندا کۆدەبێتەوە

نەتانیاهو لەگەڵ پاشای ئوردندا کۆدەبێتەوە
نەتانیاهو لەگەڵ پاشای ئوردندا کۆدەبێتەوە

2023-01-25 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو لە گەشتێکی لە ناکاودا بۆ ئوردن بۆ یەکەمین جار دوای چوار ساڵ لەگەڵ پاشا عەبدوڵای دووەمی ئوردندا کۆبۆوە، ئەمەش لە کاتێکدا کە نەتانیاهو هەوڵی باشکردنی پەیوەندییەکان دەدات لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.

کۆبوونەوە دەگمەنەکەی نێوان دوو ڕابەرەکە کە لە مێژە پەیوەندییەکانی نێوانیان جێگیر نیە، لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوانیان بەهۆی حکومەتە نوێیە نەتەوە پەرستەکەی ئیسڕائیلەوە زیاتر بووە. ئوردن لە بەیاننامەیەکی فەڕمیدا وتی گفتوگۆکان سەنگییان خستە سەر پێگەی شوێنە پیرۆزەکەی شاری کۆنی ئۆرشەلیم کە بۆ موسوڵمان و جووەکانیش شوێنێکی پیرۆزە و یەکێکە لە کێشە هەرە سەرەکییەکانی ململانێکەی نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسڕائیل.

کۆشکی شاهانەی ئوردن وتی پاشا داوای لە ئیسڕائیل کردووە ڕێز لە دۆخی هەنووکەیی شوێنە پیرۆزەکە بگرێت کە موسوڵمانەکان بە مزگەوتی ئەل ئەقسا ناوی دەبەن و جووەکانیش پێی دەڵێن تێمپڵ ماونت.

فەڵەستینییەکان و ئیسڕائیل چەند دەیەیەک لەمەوبەر ڕێککەوتنێکیان بە سەرپەرشتی ئوردن واژۆ کردووە، جووەکان و ئەو کەسانەی کە موسوڵمان نین ڕێگەیان پێدەدرێت لە چەند کاتژمێرێکی دیاریکراودا سەردانی شوێنەکە بکەن، بەڵام ڕێگەیان پێنەدراوە نوێژی تێدا بکەن.

بەڵام جووە توندڕەوەکان بە ئەندامانی حکومەتە نوێیەکەی ئیسڕائیلیشەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو سەردانی شوێنەکەیان کردووە و داوایان کردووە جووەکانیش بتوانن لەوێ نوێژ بکەن، ئەمەش بووەتە هۆی توڕەبوونی فەڵەستینییەکان و موسوڵمانەکانی سەرانسەری جیهان.

حکومەتی ئوردن وتی لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممەدا پاشای ئوردن داوای لە ئیسڕائیل کردووە " کارە توندوتیژییەکانی " ڕابگرێت کە هیواکان بۆ چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ ململانێکەی نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسڕائیل دەخاتە مەترسییەوە. هەروەها جەختی لە پشتگیری ئوردن کردەوە بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت.

حکومەتە نوێیەکەی ئیسڕائیل بەڵێنیداوە نیشتەجێیەکانی جووەکان لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراودا فراوانتر بکات و تەنانەت ناوچەکەش بلکێنێت بە ئیسڕائیلەوە.

ئۆفیسی نەتانیاهو وتی نەتانیاهو باسی لە " کێشەکانی ناوچەکە " و هاوکارییەکانی ئیسڕائیل و ئوردن کردووە لە ڕووی ئاسایش و ئابوورییەوە. لە ساڵی 1994 دا پەیماننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسڕائیل و ئوردن واژۆ کرا، کە پێشتر دوژمنی سەرسەختی یەکتر بوون و لە ئێستادا ئوردن باشترین هاوپەیمانی ئیسڕائیلە لە ناوچەکەدا.

حکومەتی ئوردن مانگی ڕابردوو دوای ئەوەی حکومەتی نوێی ئیسڕائیل دەستبەکاربوو، دوو جار باڵیۆزی ئیسڕائیلی لە وڵاتەکەدا بانگ کردووە، هەردوو جارەکەش دوای ڕووداوێک بوو لە مزگەوتی ئەل ئەقسا. نەتانیاهو چەند جارێک دڵنیایی داوە لەسەر ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی هەنووکەیی مزگەوتی ئەل ئەقسادا لە ئارادا نیە.

سەرچاوە/ AP