هەواڵی کوردستان ئێستا

کوژرانی ڕۆژنامەنووسان لە ساڵی 2022 دا لە سەدا 50 زیادیکردووە

کوژرانی ڕۆژنامەنووسان لە ساڵی 2022 دا لە سەدا 50 زیادیکردووە
کوژرانی ڕۆژنامەنووسان لە ساڵی 2022 دا لە سەدا 50 زیادیکردووە

2023-01-25 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

کوژرانی ڕۆژنامەنووسان لە سەرانسەری جیهاندا لە ساڵی 2022 دا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2021 دا لە سەدا 50 زیادیکردووە، هۆکاری سەرەکی زیادبوونەکەش هێرشەکانی ناو ئۆکرانیا و مەکسیک و هایتی بووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان کە بنکەکەی لە نیویۆرکە، لانیکەم 67 کارمەندی دەزگا هەواڵییەکان لە ساڵی 2022 دا لە سەرانسەری جیهاندا کوژراون، ئەوەش زۆرترین ژمارەی کوژراوە لە ساڵی 2008 ەوە تاوەکو ئێستا. ڕۆژنامەنووسانی ئۆکرانیا و مەکسیک و هایتی دەڵێن زیادبوونی مەترسییەکان ناچارییان کردوون لە ژێر فشارێکی ئێجگار زۆردا کاربکەن.

کاریگەرییەکە بە دیاریکراوی لە هایتی دەرکەوتووە، لە ساڵی 2022 دا لەو وڵاتەدا حەوت ڕۆژنامەنووس کوژراون، ئەوەش ژمارەیەکی زۆر زۆرە بۆ دورگەیەکی بچووک کە نزیکەی 12 ملیۆن دانیشتووی هەیە. هەندێک لە ڕۆژنامەنووسەکان لەلایەن چەتەکانی سەر شەقامەکانەوە کوژراون کە بە نزیکەیی کۆنتڕۆڵی پایتەختییان کردووە، بەڵام لانیکەم دووانیان لەلایەن پۆلیسەوە کوژراون.

پەیامنێرێکی ڕادیۆ گارابیس ماکینسن ڕێمی کە هێشتا لەسەر شەقامەکان ڕووماڵی هەواڵەکان دەکات، وتی ڕۆژنامەنووسان چیتر نازانن متمانە بە کێ بکەن.

گوتی " ڕووماڵکردنی هەواڵەکان لە هایتی لە ئێستادا بۆ ڕۆژنامەنووسان زۆر سەختە، بە تایبەتی لە پایتەخت. گەندەڵی هەموو شوێنێکی گرتۆتەوە، هیچ کەسێک نیە متمانەی پێ بکەیت."

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوەدا لەو 67 ڕۆژنامەنووسەی کوژراون 35 ڕۆژنامەنووسییان لە تەنها لە سێ وڵاتدا کوژراون: ئۆکرانیا و مەکسیک و هایتی. لە مەکسیک 13 کارمەندی دەزگا هەواڵییەکان کوژراون. ڕێکخراوە ڕاگەیاندنەکانی دیکە دەڵێن 15 کارمەند کوژراون، ئەوەش بۆ ڕۆژنامەنووسانی مەکسیک ساڵی 2022 دەکاتە کوشندەترین ساڵ لە ماوەی لانیکەم سی ساڵی ڕابردوودا. لە ئۆکرانیاش 15 کارمەندی دەزگا هەواڵییەکان کوژراون.

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان گوتی 41 ڕۆژنامەنووسییان " ڕاستەوخۆ بەهۆی کارەکانیانەوە " کوژراون، وتیشی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کوژرانی 26 ڕۆژنامەنووسەکەی دیکە دەکات.

گوتیشی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە ڕووماڵی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا دەکەن " ڕووبەڕووی مەترسییەکی ئێجگار گەورە بوونەتەوە."

لە ڕاپۆرتەکەدا گوتی " ئەندامانی ڕاگەیاندنەکان لە کاتی ڕووماڵکردنی هەواڵەکاندا بەردەوام بەهۆی بۆردومانەکانەوە بریندار دەبن، هەواڵیش هەن لەسەر ئەوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کراونەتە ئامانج."

لە مەکسیکیش، هۆکاری کوشتنەکان تێکەڵەی توندوتیژیی دەرمانی هۆشبەر و چەتەکان و گەندەڵی سیاسی و نەبوونی سزا دژی بکوژەکانەوە بووە.

ڕۆژنامەنووس سۆنیا دی ئاندا کار بۆ ماڵپەڕی هەواڵی ئیسکوینا32 دەکات لە شاری تیخوانای سنووری باکووری مەکسیک، کە لەو ناوچەیەدا لە ماوەی یەک هەفتەدا لە مانگی یەکی ساڵی 2022 دا دوو ڕۆژنامەنووس کوژران، وتی ڕۆژنامەنووسانی ئەو ناوچەیە لە دوای ئەو کوشتنانەوە داوایان لە پۆلیس کردووە لە کاتی ڕووماڵکردنی هەواڵەکاندا بیانپارێزن.

دی ئاندا گوتی " ئەمە هەموو داینامیکی کارەکەمانی گۆڕی. ئەگەر ڕۆژنامەنووسان بچنە ناوچەیەکی زۆر مەترسیدار و دوورەوە، ئەوا بە هاوەڵەکانیان دەڵێن بۆ کوێ دەڕۆن." ئاماژەشی بەوەدا داواکانی ڕۆژنامەنووسان لە پۆلیس بۆ پاراستنیان " بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە."

لە 17 ی مانگی یەکی ساڵی 2017 دا وێنەگری تاوان مارگاریتۆ مارتینێز لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی بە فیشەک کوژرا. پێنج ڕۆژ دوای ئەوە و لە 23 ی مانگی یەکدا ڕۆژنامەنووس لۆردیس مالدۆنادۆ لۆپێز لە ئوتومبێلەکەی خۆیدا بە مردوویی دۆزرایەوە.

لێکۆڵەرەوان دەڵێن سەرکردەی باندێکی ناوخۆیی دەرمان نزیکەی 1000 دۆلاری داوە بە چەکدارێک وێنەگرەکە بکوژێت، چونکە پێی وابووە ماریتینێز وێنەی ئەو یاخود خێزانەکەی گرتووە. ئەو وێنەیەی باسی لێوە دەکات مارتینێز نەیگرتبوو.

بەرپرسانی مەکسیک چەند چەکدارێکی ئاست نزمییان دەستگیرکردووە و دادگایی کراون، بەڵام ئەو کەسانە نەگیراون کە فەرمانییان بە کوشتنەکان کردووە. کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان وتی " ئەو پەیامەی کە بەرپرسان جێیان هێشتووە ئەوەیە هەر کەسێک دەتوانێت بە 1000 دۆلار بێت و بتکوژێت."

لە ساڵی 2022 دا چوار ڕۆژنامەنووس لە فیلیپین و دوو ڕۆژنامەنووس لە کۆڵۆمبیا و دوو ڕۆژنامەنووس لە بەڕازیل و دوو ڕۆژنامەنووس لە هوندۆراس کوژراون. دوو ڕۆژنامەنووسیش لە بەنگلادیش کوژراون. هەریەک لە هیندستان و میانمار و سۆماڵ و چادیشدا لە هەر وڵاتێکیاندا دوو ڕۆژنامەنووس کوژراون.

ساڵی ڕابردوو ڕۆژنامەنووسێکیش لە ئەمەریکا کوژرا. لە 2 ی مانگی نۆدا ڕۆژنامەنووس جێف جێرمان کە کاری بۆ گۆڤاری لاس ڤەیگاس ڕیڤیو دەکرد کوژرا. بەرپرسێکی هەڵبژێردراوی ناوچەی لاس ڤەیگاس کە جێرمان نوسراوێکی لەسەر بڵاوکردبۆوە، لە دادگادا ڕەتی کردەوە بەرپرس بووبێت لە کوشتنی جێرمان.

سەرچاوە/ AP