هێزەکانی ئیسرائیل 9 فەڵەستینییان لە کەناری رۆژئاوا شەهیدكرد
هێزەکانی ئیسرائیل هەڵیانکوتانە سەر کەمپی پەنابەرانی جەنین باکووری کەناری رۆژئاوای داگیرکراو و لە ئاکامدا، ٩ فەڵەستینییان شەهیدكرد.
لە کاتێکدا سەربازانی ئیسرائیل لە هەڵکوتانەسەر کەمپی پەنابەرانی جەنین گولـلە و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە، پێکدادان لەنێوان سەربازان و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکان لە ناوچەکەدا روویدا.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە رووداوەکاندا بەگشتی ٩ فەڵەستینی کوژراون کە یەکێکیان ژنێکی بەساڵاچوو بووە.
لە ئەنجامی تەقەی سەربازانی ئیسرائیل لە قودسی رۆژهەڵات و کەناری رۆژئاوای داگیرکراو لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٢٩ فەڵەستینی کوژراون کە یەکێکیان ژن و پێنجیان منداڵ بوون.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لە کۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی و رێکخراوی تەندروستی جیهانی کردووە بۆ راگرتنی هێرشەکان.
- سوپای ئیسرائیل: "هەڵمانکوتایە سەر شانەی نووستوو"
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە دەزگای هەواڵگریی ناوخۆیی ئیسرائیل شین بێت (شاباک)، سوپا و یەکە ئەمنییەکانی دیکە هەڵیانکوتایە سەر شانەیەکی نووستووی بزووتنەوەی جیهادیی ئیسلامی لە جەنین.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە خانوویەک گەمارۆدراوە و پێکدادانی چەکداری لەگەڵ ئەوانەی لەژووەوە بوون روویداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە کە بە گشتی شەش کەس کوژراون و کەسێکیش خۆی رادەست کردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە سەربازانی ئیسرائیل لە پێکدادانەکەدا، هیچ زەرەر و زیانێکیان بەرنەکەوتووە.
رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە لە رووداوەکانی جەنین-دا، فڕۆکەیەکی بێ فرۆکەوانی سەربە هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل خراوەتە خوارەوە.
لە لایەکی دیکەوە داوای مانگرتنی گشتی کرا بۆ ئەو فەڵەستینییانەی کە لە شارە داگیرکراوەکانی رامەڵڵا و نابلوس کەناری رۆژئاوا کوژراون.
- "خوێناویترین" ساڵ لە کەناری رۆژئاوای داگیرکراو
هێزەکانی ئیسرائیل لە ماوەی رابردوودا، بەشێوەیەکی چڕوپرتر هەڵدەکوتنە سەر ناوچە جیاجیاکانی کەناری رۆژئاوای داگیرکراو و فەڵەستینییەکان دەست بەسەر دەکەن.
هێزەکانی ئیسرائیل جگە لەوەی گولـلەی پلاستیکی بەکار دەهێنن، دەکەونە پێکدادان لەگەڵ گرووپە فەڵەستینییەکان و بەتایبەتی لە ناوچەکانی وەک جەنین و نابلوس زۆرجار بە گولـلەی راستەقینە وەڵامی ئەو فەڵەستینییانە دەدەنەوە کە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە هەڵمەتەکان.
بەپێی ئەو داتایانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردۆتەوە، ساڵی ٢٠٢٢ وەک خوێناویترین ساڵ لە کەناری رۆژئاوا تۆمار کرا.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، هێزەکانی ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ٢٢٠ فەڵەستینییان کوشتووە کە ٤٨یان منداڵ بوون.