بەهۆی شههیدكردنی 9 فەڵەستینی سێ رۆژ ماتەمینی راگەیەندرا
دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس، بههۆی شههیدكردنی 9 فەڵەستینی لە پەلامارێکی سوپای ئیسرائیلی داگیركار بۆ کەمپی ئاوارەکانی جەنین لە باکووری کەناری رۆژئاوا، سێ رۆژ ماتەمینی لە فەڵەستین راگەیاند.
بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی فەرمی فەڵەستین، دوای ئەوەی مەحموود عەباس، سێ رۆژ ماتەمینی بۆ گیانلەدەستدانی نۆ کەس لە کەمپی جەنین، راگەیاند، ئاڵاکان لە فەڵەستین بۆ نیوە داگیراون.
هەروەها دەسەڵاتی فەڵەستین، دەربارەی پەلامارەکەی ئیسرائیلی داگیركار بۆسەر کەمپی جەنین کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا.
هاوكات بزووتنەوەی حەماسیش کاردانەوەی توندی لە بەرامبەر شههیدكردنی 9 هاووڵاتی فەڵەستینی لە پەلامارێکی سوپای ئیسرائیلی داگیركار بۆسەر کەمپی ئاوارەکانی جەنین، نیشاندا.
یاریدەدەری سەرۆکی مهكتهبی سیاسی حەماس، ساڵح عاروری، لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو كه "ئیسرائیل باجی ئەو کۆمەڵکوژییەی کەمپی جەنین دەدات".
عاروری، بانگەوازی خەباتی لە ناوچە داگیرکراوەکان ئاڕاستەی گروپە فەڵەستینییهكان کرد و وتیشی: "وەڵامی حەماس بۆ ئیسرائیل دواناکەوێت".
هێزەکانی ئیسرائیلی داگیركار، ئەمڕۆ پەلامارێکیان بۆ سەر کەمپی ئاوارەکانی جەنین لە باکووری کەناری رۆژئاوا ئەنجامدا و تیایدا نۆ فەڵەستینی شههیدكران، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، برینداربوونی 20 فەلەستینی دیکەشی راگەیاند کە برینی چواریان سەختە.
بەهۆی دەستڕێژی سەربازانی ئیسرائیلی داگیركار لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 29 فەڵەستینی لە کەناری رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی قودس شههیدكراون کە پێنجیان منداڵ بوون.