هەواڵی کوردستان ئێستا

زانیاری نوێ لە سێبیرانەوە..ئەنجامی دڵخۆشکەر هەن

زانیاری نوێ لە سێبیرانەوە..ئەنجامی دڵخۆشکەر هەن
زانیاری نوێ لە سێبیرانەوە..ئەنجامی دڵخۆشکەر هەن

2020-03-31 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  كۆمەڵگەی سێبیران یازدە ڕۆژی كەرەنتینەی تێپەڕاند و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر دەڵێت، خۆشبەختانە ماوەی چەند ڕۆژێکە ھیچ حاڵەتێک لە سێبیران تۆمار نەکراوە و داواش لە ھاووڵاتیانی سێبیران دەکات ئەم چەند ڕۆژەش ددان بە خۆیاندا بگرن.

د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ٢١ی ٣ـەوە کۆمەڵگای سێبیران کەرەنتین کراوە، لەو ماوەیەشدا ١٥ حاڵەت تۆمار کرا، لەو ١٥ حاڵەتەش منداڵێک کە ھەڵگری ڤایرۆسەکە بوو چاک بووەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچووە."

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر جەختیش دەکاتەوە، باری تەندروستیی ھاووڵاتیەکانی تر جێگیرە و خۆشبەختانە ماوەی ٨ ڕۆژە ھیچ حاڵەتێکی نوێ لە کۆمەڵگای سێبیران تۆمار نەکراوە.

ناوبراو داواش لە ھاووڵاتیانی سێبران دەکات پابەندی ڕێنماییەکان بن و ئەم چەند ڕۆژەش ددان بە خۆیاندا بگرن و ئەوانەی نیشانەکانی ڤایرۆسەکەیان ھەیە با سەردانی بنکەی تەندروستیی سێبیران بکەن.

پەیامنێری ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لە سێبیرانە باس لە دۆخی ھاووڵاتیانی كۆمەڵگەكە دەكات و ئاماژەی بەوە كرد كە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕێكاری پێویستیان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی كەرەنتینە نەبێتە بارگرانی بەسەر ھاووڵاتیانی كۆمەڵگەكەدا و لە یەكەم ڕۆژی كەرەنتینەوە بەردەوام ھاوكاری گەیەندراوەتەوە دانیشتووانی سێبیران.

جووتیار شەھاب، كە دانیشتوویەكی كۆمەڵگەی سێبیرانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دۆخی ھاووڵاتیانی سێبیران باشە و بەردەوام حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر ھێڵن و ئێمەش ئەوەی لەسەرمانە جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستییە و، پابەندین و ورەمان زۆر بەرزە و دڵنیاین نەخۆشییەكە تێدەپەڕێنین".

مێوان زرار، كە یەكەم توشبووی ڤایرۆسەكەیە لە كۆمەڵگەی سێبیران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تەندروستیی ھەموو توشبووانی كۆمەڵگای سێبیران جێگیرە و كەسمان تا ئێستا پێویستمان بە ئامێرەكانی ھەناسەی دەستكرد نەبووە و، چاوەڕێ دەكەین چەند ڕۆژی داھاتوو دوای ئەنجدامدانی پشكنینی كوتایی لە نەخۆشخانە دەرچین".

ئەڕشەد محیەدین، كارمەندی بنكەی تەندروستیی سێبیرانە دەڵێت: "دوای كەرەنتینەكردنی كۆمەڵگەی سێبیران بنكەی تەندروستیی كۆمەڵگەكە بە شێوەی ٢٤ كاتژمێر لە ئێشكگریدایە و ھەموو پێداویستییەكانی تەندروستی لەم بنكەیە بەردەستن".

كۆمەڵگەی سێبیران دەكەوێتە ڕۆژئاوای شاری ھەولێر، نۆ كیلۆمەتر لە سەنتەری ھەولێر دوورە و، زیاتر لە ١٤٠٠ ماڵی تێدایە و ژمارەی دانیشتووانی ٥٦٠٠ كەسە، لە ٢٣ی ٣ی ٢٠٢٠ بەھۆی ھەبوونی حاڵەتی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بە بڕیاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كەرەنتین كرا و دواتر ٣٥٠ پشكنین بۆ دانیشتوانەكەی ئەنجام درا، خۆشبەختانە ھەمووان نێگەتیڤ دەرچوون.

هەکار هەرکی-هەڵکەوت محەمەد