تایوان: "23 فڕۆکە و چوار کەشتیی چین لە دەوروبەری تایوان بیندراون"
دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزارەتی بەرگریی تایوان رایگەیاند لە شەوی رابردووەوە تاوەکوو بەیانیی ئەمڕۆ، 23 فڕۆکە و چوار کەشتیی چین لە دەوروبەری تایوان بیندراون.
وەزارەتی بەرگریی تایوان لە راگەیەندراوێکدا تیشکی خستووە سەر ئەوەی سێ فڕۆکەی جەنگیی جۆری SU-30، هەشت فڕۆکەی جۆری J-16، دوو فڕۆکەی جۆری J-11، نۆ فڕۆکە لە جۆرەکانی Y-8 ELINT و Y-8 ASW و درۆنێکی سەربازیی BKZ-005 بە ئاسمانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەو ناوچەیەدا کە تایوان وەک "کایەی دانپیاندراوی بەرگریی ئاسمانیی" دەیبینێت و بەرەی رۆژهەڵاتی هێڵی دەریایی و ئاسمانیی کە وەک سنووردارکردنی ناوچەی قەڵەمڕەوی لایەنەکان لە گەرووی تایواندا دانی پیادا نراوە، فڕیوون.
وەزارەتی بەرگریی تایوان سەرنجیشی خستووەتە سەر ئەوەی کە کەشتی و فڕۆکەکانی چین لەلایەن ئامرازەکانی چاودێری ئەلیکترۆنی، کەشتییەکانی دەورییە، کەشتییەکانی دیکە و سیستەمی مووشەکیی جێگیرەوە چاودێریی کراون.
جموجۆڵی کەشتی و فڕۆکەکان دوای ئەوە هات کە سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی کۆماری چیک، پیتر پاڤێل لە 31ی کانوونی دووەمدا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرکردەی تایوان، تسای ئینگ وێن ئەنجام دا. پەکین ناڕەزایەتیی دەربڕی لەهەمبەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە و بەبیانووی ئەوەی "بنەمای یەک چین-ی پێشێل کردووە" بە "دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ" ناوی برد.
دوێنێ وەزارەتی بەرگریی تایوان رایگەیاندبوو کە 34 فڕۆکەی سەربازیی و نۆ کەشتی جەنگیی چین لە دەوروبەری دوورگەکەدا بینراون.
دوای سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، نانسی پێلۆسی و شاندی یاوەری بۆ تایوان لە سەرەتای مانگی ئابی 2022دا، چین مانۆڕی سەربازیی لە دەوروبەری دوورگەی تایوان ئەنجام دا.
پەكین بە جەختكردنەوە لەسەر "بنەمای یەك چین"، دژی ئەوە دەوەستێتەوە تایوان لەگەڵ وڵاتانی جیهان پەیوەندیی دیپلۆماسیی سەربەخۆ دابنێت و نوێنەرایەتیی هەبێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا.