هەواڵی کوردستان ئێستا

ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ئەسفەهانی خستە ئەستۆی ئیسرائیل

ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ئەسفەهانی خستە ئەستۆی ئیسرائیل
ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ئەسفەهانی خستە ئەستۆی ئیسرائیل

2023-02-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

ئێران، ئیسرائیلی بە بەرپرسیار لەو هێرشە وەسف کرد کە لە رێی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کرایە سەر شاری ئەسفەهان و جەختیشی لەوە کردەوە کە وەڵامی هێرشەکە دەدەنەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵیی "ISNA"، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەعید ئیرەڤانی نامەیەکی بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس نووسیوە.

لە نامەکەدا ئیرەڤانی، ئەوەی خستووەتەڕوو کە لێکۆلێنەوە بەراییەکان لە هێرشەکەی رۆژی ٢٨ی کانوونی دووەم، ئەوەیان نیشانداوە کە ئیسرائیل لەپشت هێرشەکەوە بووە.

ناوبراو لە نامەکەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەم هێرشە دژبە یاسا نێودەوڵەتییەکانە و نووسیویەتی: "ئێران، بۆ بەرگریکردن لەخۆی و دژبە هەر هەڕەشە و هەڵەیەکی رژێمی زایۆنستی، مافی ئەوەی هەیە لە شوێن و کاتی گونجاودا وەڵام بداتەوە".

کەناڵی فەرمی ئێران، شەوی ٢٨ی کانوونی دووەم روودانی تەقینەوەیەکی گەورەی لە بنکەیەکی سەربە وەزارەتی بەرگریی لە شاری ئەسفەهان راگەیاند.

وەزارەتی بەرگریی ئێران، دەربارەی هێرشەکە ئەوەی ئاشکرا کرد کە هێرشەکە لەڕێی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە.

رۆژنامەی "The Wall Street Journal"ی ئەمریکی رۆژی ٢٩ی کانوونی دووەم، بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئەمریکی و کەسانی ئاگادار لە رووداوەکە، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە ئیسرائیل هێرشەکەی ئەنجامداوە.

هەروەها ماڵپەڕی نوور کە بە نزیکی لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران ناسراوە، دەربارەی هێرشەکە ئەوەی بلاوکردەوە کە "پارچەی ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانە، هەروەها هەموو ئەو تەقەمەنییەی کە بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکەی وەزارەتی بەرگریی لە ئەسفەهان بەکار هاتوون لەلایەن حزبە کوردییەکانی دژبەری ئێرانەوە لە هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە و دواتر بە رێگەی سنوورەکانەوە هێنراونەتە ناو خاکی ئێران".