هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەمریکا دەستی بەسەر کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنی داگرت کە لە ئێرانەوە بەقاچاخ نێردرابوون بۆ یەمەن

ئەمریکا دەستی بەسەر کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنی داگرت کە لە ئێرانەوە بەقاچاخ نێردرابوون بۆ یەمەن
ئەمریکا دەستی بەسەر کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنی داگرت کە لە ئێرانەوە بەقاچاخ نێردرابوون بۆ یەمەن

2023-02-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا(CENTCOM)، دەستبەسەرداگرتنی کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنی لە کەنداوی عومان راگەیاند کە لە ئێرانەوە بەقاچاخ نێردرابوون بۆ یەمەن.

لەوبارەیەشەوە فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لە ١٥ی کانوونی دووەمدا، ئۆپەراسیۆنێک لەناو کەنداوی عومان ئەنجامدراوە و تیایدا زیاتر لە سێ هەزار کڵاشینکۆف، ٥٧٨ هەزار گوللە و ٢٣ مووشەکی دژەتانک، دەستیان بەسەرداگیراوە.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا، لە شەشی کانوونی دووەمدا لەناو بەلەمێکی ماسیگریی ناو کەنداوی عوماندا دەستیان گرتووە بەسەر زیاتر لە دوو هەزار و ١٠٠ چەکدا، ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە چوار ئۆپەراسیۆنی دوو مانگی رابردوودا رێگری لە زیاتر لە پێنج هەزار چەک و ١،٦ ملیۆن گوللە گیراوە، بچێتە ناو یەمەنەوە.

راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی و وەزیری پێشووی دەرەوەی یەمەن، عەبدولمەلیک میخلافی لە ٢٤ی کانوونی دووەمدا لە لێدوانێکیدا باسی لەوە کردبوو کە لە خاڵی گومرکی "شەحن" لەسەر سنوور لەگەڵ عومان، دەستیان بەسەر ١٠٠ بزوێنەری فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا گرتووە کە دروستکراوی ئێرانن و لەلایەن حوسییەکانەوە بەکاردەهێندرێن.

میخلافی هەروەها داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی کرد لەبارەی ئەو بزوێنەری فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی دەستیان بەسەردا گرتووە و بەپێویستی زانی دەربکەوێت کێن ئەوانەی چاوپۆشیان لەو گواستنەوەیەدا کردووە و هاوکاری و ئاسانکارییان کردووە.

حووسییەکان لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٤وە سەنعای پایتەخت و چەند ناوچەیەکی دیکەی یەمەنیان کۆنترۆڵ کردووە.
ھێزەکانی ھاوپەیمانیی عەرەبی، بە رابەرایەتی سعوودیە لە ئاداری ساڵی ٢٠١٥وە تا ئێستا دژبە حووسییەکان پاڵپشتیی حکوومەتی یەمەن دەکات.
ئاگربەستی نێوان حکوومەتی یەمەن و حووسییەکان کە شەش مانگ بەردەوام بوو لە دووی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢دا کۆتایی هات.