هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو لە ساڵیادی راگەیاندنیدا بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوە

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو لە ساڵیادی راگەیاندنیدا بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوە
ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو لە ساڵیادی راگەیاندنیدا بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوە

2023-02-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە بۆنەی (29) هەمین ساڵیادی راگەیاندنی یەكگرتوو بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوە

ئەمە دەقەكەیەتی:

بسم الله الرحمن الرحیم
هاوڵاتیانی خۆشەویست ..
ئەندام و لایەنگرانی یەكگرتوو ..

وا ساڵێكی تر بەسەر تەمەنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستاندا تێپەڕی ، تەمەنێك پڕاوپڕ لەهەوڵ و تێكۆشان و خزمەتكردنی گەل و نیشتمان ، مرۆڤسازی و ئاوەدانكردنەوەی دڵ و دەرونەكان ، پێگەیاندنی گەنج و لاوەكان و دروستكرنی خێزان و بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی بەختەوەر و لێوانلێو لە ئاکاری جوان و بەها باڵاكان .
یەكگرتوو بەردەوام هەوێنی ئاشتی و داینەمۆی بەیەكەوە ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی كوردستانە و پێوەری راستكردنەوەی هاوكێشەكانە .
یەكگرتوو بەردەوام ئاسۆی هیوا و جێگای متمانەیە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی گرفت و كێشەكان ، بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە خەمی كردنەوەی گرێكوێرەكاندایە ، لە هەمانكاتدا چاوپۆشی نەكردووە و ناکات لە هەڵە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكان و بۆ رێگەلێگرتن و چارەسەركردنیان هەڵوێستی یەكلاكەرەوەی وەرگرتووە و نەچۆتە ژێرباری هیچ جۆرە فشار و موجامەلەیەكی سیاسییەوە ، بەڵكو زۆر راشكاوانە ڕاو و هەڵوێستەكانی خۆی راگەیاندووە و لەوپێناوەشدا قوربانی زۆری داوە .
ئێمە لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە كە بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەقۆناغێكی هەستیار و نائاساییدا گوزەردەكات و بێهیوایی هاونیشتمانیان ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەڵکشاندایە و بژێوی ژیانیان قورستر دەبێت ، هەروەها بارودۆخی عێراق و ناوچەکەو جیهانیش لەبەردەم مەترسیەکی گەورەدایە بەهۆی شەڕ و گرژییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان ، هەموو ئەمانە ئەوە دەخوازێت كاربەدەستانی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان بە هەستێكی بەرزی بەرپرسیارانەوە مامەڵەی دۆخەكە بكەن و بەزوویی رێگەچارەی كرداری بۆ كێشە و قەیرانەكان بدۆزنەوە و لەوە زیاتر كات بە فیڕۆنەدەن ، هەنگاوی خێرا بنێن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەیەکی پاکوبێگەرد . هەروەها پێویستە هەرچی زووترە ژیان و بژێوی هاوڵاتیان باشتر و باری گرانی سەرشانیان سوک بکەن .
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەم بۆنەیەدا پەیمان نوێ دەكاتەوە لەگەڵ خوای گەورە كە هەمیشە خزمەتكارێكی ماندونەناسی رێگای خواناسی و پەیامی پیرۆزی ئیسلام بێت و بەردەوام بێت لە خزمەتكردنێكی بێمنەتانەی هاوڵاتیان و گەل و نیشتمان . هەروەها وەک هەمیشە داکۆکیکارێکی سەرسەخت دەبین لە ئازادی و بەرژەوەندییە گشتییەکان و مافە ڕەواکانی هاوڵاتیان .
لەکۆتاییدا بە پێویستی دەزانین سوپاس و پێزانین و دەستخۆشی خۆمان ئاراستەی یەكە یەكەی ئەندامان و لایەنگران و هەموو ئۆرگانەكانی حزب بكەین لەسەر هەوڵی بەردەوام و کار و چالاکی و ماندوبونەكانیان . داواكارین لە خودای میهرەبان قبوڵی كردبێت و هاوكارمان بێت بۆ خزمەتكردنی زیاتر .
دووبارە پیرۆزبێت (29) هەمین ساڵیادی راگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان .
هەر شەکاوە بێت ئاڵای ئازادی برایەتی دادپەروەری .

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان .
6/2/2023