هەواڵی کوردستان ئێستا

سوودانی: "بەم زووانە عێراق میوانداریی گەڕێکی دیکەی گفتوگۆی نێوان سعوودیە و ئێران دەکات"

سوودانی:
سوودانی: "بەم زووانە عێراق میوانداریی گەڕێکی دیکەی گفتوگۆی نێوان سعوودیە و ئێران دەکات"

2023-02-09 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند کە بەغدا بەردەوامە لە میوانداریکردنی گفتوگۆکانی نێوان سعوودیە و ئێران و ئاماژەی بەوەیشدا کە نایانەوێت، عێراق ببێت بە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی حیساباتەکان.

محەمەد شیاع سوودانی لە ھەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت باسی لە ژمارەیەک رۆژەڤی گرنگ کردووە لەنێویاندا رۆڵی گرنگی عێراق و سعوودیە ناوچەکە و ئەنجامدانی گفتوگۆکانی نێوان سعوودیە و ئێران لە بەغدا، پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئێران و ئەمریکا، ھەروەھا بنبڕکردنی گەندەڵی و بەرگرتن لە بردنی دۆلار بە قاچاغ بۆ دەرەوە، پەیوەندییەکانی بەغدا و ھەولێر و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر رایگەیاندووە کە کار بۆ چارەسەرکردنی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا دەکەن.

محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی پرسی نەوت و رەوشی سنوورەکانی نێوان عێراق و ئێران گوتی: "بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانە، بە رەزامەندی کورد بەمزووانە رێککەوتنێک لە بەغدا واژوو دەکەین".

سەرۆکوەزیرانی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش ناتوانێت ببێتە مەترسی، چونکە توانای کۆنترۆڵکردنی خاکی نەماوە و ھێزە عێراقییەکان دەتوانن رووبەڕووی رێکخراوەکە ببنەوە.

محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەیشداوە، عێراق و سعوودیە دەتوانن میحوەرێکی ھەرێمیی دابمەزرێنن کە ببێتە مایەی سەقامگیریی لە ناوچەکە و جیھان و جەختی کردووەتەوە کە ھەردوو وڵات لەبارەی ئەو پرسەوە، بە جیددی کار دەکەن.

باسی لەوەش کردووە کە لەگەڵ جێنشێنی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان لەسەر نەخشەڕێگایەک بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و ریاز رێککەوتوون.

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە بەغدا بەردەوامە لە میوانداریکردنی گفتوگۆکانی نێوان سعوودیە و ئێران و رایگەیاندووە کە بەم زووانە بەغدا میوانداری گەڕێکی دیکەی گفتوگۆی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەکات و رایگەیاند: "ئومێد دەکەین، گفتوگۆکانی نیوان سعوودیە و ئێران تەنها لەسەر ئاستی ئەمنیی ئەنجام نەدرێن، بەڵکو لەسەر ئاستی دیپلۆماسیش ئەنجام بدرێن".

سەرۆکوەزیرانی عێراق رەتی کردووەتەوە کە ئێران و ئەمریکا دەستیان وەردابێت لە پێکھێنانی حکوومەتی عێراق کە ماوەی ١٠٠ رۆژە دەست بەکاربووە و گوتی: "حکوومەتی ئێستا بە بڕیارێکی عێراقی پێکھێنراوە و راستەوخۆ یان ناڕاستەخۆ، دەستوەردانەکان کاریگەرییان لەسەرمان نەبووە".

محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ واشنتۆن و تاران گوتی: "نامانەوێت عێراق ببێت بە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی حیساباتەکان، ھەروەھا ئێمە بەشێک نین لە میحوەرێک دژبە لایەنێکی دیکە، ئەوەی بەلامانەوە گرنگە ئەوەیە، پەیوەندییەکانمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش بەھێز بکەین و رێز لەیەکتر بگرین و دەست وەرنەدینە کاروباری یەکتر".

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر پێویستی کاراکردنی رێککەوتننامەی "چوارچێوەی ستراتیجیی" نێوان بەغدا و واشنتۆن کە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە بواری ئەمنییەوە دەگوازێتەوە بۆ بوارەکانی ئابووریی، رۆشنبیریی، کۆمەڵایەتیی و پەروەردە.

محەمەد شیاع سوودانی باسی لەوەش کردووە، زنجیرەیەک رێوشوێنیان، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی دیناری عیراقی بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی گرتووەتەبەر کە بەم زووانە ئەنجامەکەی بۆ ھاووڵاتییان دیار دەکەوێت و جەختی کردووەتەوە کە بەردەوامن لە ھەوڵەکانیان بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی لە بوارەکانی کارگێریی، ئەمنیی، ھەروەھا بنبڕکردنی گەندەڵیی و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان لە دەرەوە و ئاشکرای کردووە کە تا ئێستا توانیویانە، ٨٠ ملیۆن دۆلار لە پارە دزراوەکانی عێراق لە دەرەوە بگەڕێننەوە و گوتی: "پرۆسەی گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان لە دەرەوە بەردەوامە".

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەیشداوە کە دەستیان کردووە بە چاکسازیی ئەمنیی، بە تایبەتی ئەوەی کە پەیوەستەبە "چەک تەنھا لە دەستی دەوڵەتدا بێت" و گوتی: "سەرجەم ھێزە سیاسییەکانی سەربە (ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت) ھاوڕان لەسەر ئەوەی کە کێشەی چەک تەنھا لەدەستی دەوڵەتدا بێت چارەسەر بکرێت، بۆیە بەپێی یاسا چەک تەنھا لە دەستی ھێزە ئەمنییەکاندا دەبێت و رێگا بە ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت نادەین".

محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی بردنی دۆلار بە قاچاغ لە عێراق بۆ دەرەوە رایگەیاندووە کە بردنی دۆلار بەقاچاغ بۆ دەرەوە لە سەرجەم وڵاتانی جیھان روودەدات و عێراق لەو وڵاتانە بەدەر نییە.

باسی لەوەش کرد کە ئێستا زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە، بەرەوڕووی داڕمانی دراوی فەرمی خۆیان بوونەتەوە و بێگومان ئەو وڵاتانە پێویستییان بە دۆلارە و گوتی: "ژمارەیەک لە بانک و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە بردنی دۆلار بە قاچاغ لە عێراق بۆ دەرەوە تێوەگلاون، چونکە قازانجی زۆریان دەست کەوتووە، بەڵام لەڕێگای ئەنجامدانی چاکسازیی لە بواری ئابووریی، دارایی و بانکییەوە، دەتوانین ئەو کارە چارەسەر بکەین".