هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزارەتی شارەوانی: ئەوەی دەستیشی پێنەكردووە دەست پێدەكات

وەزارەتی شارەوانی: ئەوەی دەستیشی پێنەكردووە دەست پێدەكات
وەزارەتی شارەوانی: ئەوەی دەستیشی پێنەكردووە دەست پێدەكات

2020-04-01 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا بە هۆی قەدەغەی هاتوچۆ هەموو شەقامەكانی ناوشاری هەولێر نۆژەن كرانەوە، بڕیار درا كە شەقامەكانی سەرجەم شار و چارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان نۆژەن بكرێنەوە و لە ئێستاشدا نۆژەنكردنەوەكە دەستی پێكردووە.

كوردۆ شابان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە ماوەی 10رۆژی ڕابردوودا وەزیری شارەوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە هەموو سەرۆك شارەوانییەكان كرد هەر كەسێك بەپێی داهاتی خۆی نۆژەنی شەقامەكانی ناوشارەكان بكەنەوە و لە هەولێریش وەكو پایتەخت ئامادەكاری دەستی پێكرد و كاری خۆیان ئەنجام دا".

گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی گوتیشی: "دواتر هەڵمەتی نۆژونكردنەوە لە سلێمانی و گەرمیان و رانیە و دهۆك و هەموو شار و شارۆچكەكان دەستی پێكرد و ئەوەی دەستیشی پێنەكردووە دەست پێدەكات، چونكە دەرفەتە و بە هۆی قەدەغەی هاتوچۆوە دەتوانن شەقامەكان نۆژەن بكەنەوە".

شابان باسی لەوەش كرد، ئەو كارە لەسەر داهاتی شارەوانییەكان دەكرێت، چونكە لە ئێستادا حكوومەت خۆی پارەی لە بەردەستدا نییە، بۆیە بەو شێوەیە ئەو كارە ئەنجام دراوە و هەر شوێنێك لەناو شارەكان پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەبێت، نۆژەن دەكرێتەوە".

دەشڵێ، ئەمە تەنها ناو شار و شارۆژكەكان دەگرێتەوە، چونكە دەرەوەی شار ئەركی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەیە.

 

بڵند ئیبراهیم