English | عربي

ئاسایشی یەكێتی بارەگایەكی پەكەكەی لە كەلار داخست


ئاسایشی یەكێتی بارەگایەكی پەكەكەی لە كەلار داخست

2019/01/09 | 21:00

(هەواڵ كوردستان)- نۆ كەسیشی دەستگیر كرد كە ژنیشیان لەنێودایە

 

ئەمڕۆ چوارشەممە هێزەکانی ئاسایشی یەكێتی هێرشیان كردە سەر بارەگای "ئەکادیمیای شەهید گیڤارا گەرمیانی" لە كەلار، بە زەبری هێز دایانخست و نۆ ئەندامی بارەگاكەیان دەستگیر کرد، ئەمەش بە یەكەم كاردانەوەی یەكێتی دادەندرێ دژی پەكەكە لە دوای سەردانەكەی بەرهەم ساڵح بۆ توركیا.

بەپێی ماڵپەڕی (ڕۆژنیوز)ی پەكەكە، کەمێک پێش ئێستە هێزەکانی ئاسایشی گەرمیان چوونە سەر بارەگای "ئەکادیمیای شەهید گیڤارا گەرمیانی" لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلار و دایانخست.

ماڵپەڕەكە رایگەیاندووە كە هێزێکی زۆری ئاسایش بە زەبری هێز بارەگای ئەکادیمیاکەیان داخستووە و نۆ کەسیشیان دەستگیر کردووە، کە ژنیشیان لەنێودایە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئێوارەی ئەمڕۆ بە ئەندامانی بارەگاكەیان گوتووە، سبەی سەردانی ئاسایش بکەن، بەڵام ئەمشەو لە ناکاوێکدا چوونەتە سەریان بە زەبری هێز و گرتن و لێدان پێیان داخستوون.

بارەگای "ئەکادیمیای شەهید گیڤارا گەرمیانی" ماوەی چوار ساڵە لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلار كراوەتەوە و وەك یەكێ لە بارەگاكانی سەر بە پەكەكە لە هەرێمی كوردستان كاری كردووە و تا ئەم ماوەیەش لەلایەن یەكێتییەوە هاوكاری و پشتیوانی دەكران.

 

بەر لە چەند ڕۆژێك بەرهەم ساڵح لە سەردانێكدا بۆ توركیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا كۆبووەوە، سەرچاوە ئاگەدارەكان رایانگەیاند كۆبوونەوەكە بۆ نەهێشتنی پەكەكەیە لە عێراق و سووریا، بەرهەم ساڵحیش وەك نوێنەری یەكێتی سەردانی ئەنكەرەی كردبوو، لە دوای كۆبوونەوەكەشدا سەركۆماری توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح دووپاتی كردەوە لەگەڵ ناوبراودا لەسەر نەهێشتنی پەكەكە و داعش ڕێكەوتوون.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending