هەواڵی کوردستان ئێستا

نەتەوەیەکگرتووەکان: "چارەنووسی 73 کۆچبەر لە سنوورە ئاوییەکانی لیبیا نادیارە"

نەتەوەیەکگرتووەکان:
نەتەوەیەکگرتووەکان: "چارەنووسی 73 کۆچبەر لە سنوورە ئاوییەکانی لیبیا نادیارە"

2023-02-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

هۆبەی لیبیای رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاویكرده‌وه‌، چارەنووسی زیاتر لە ٧٣ کەس نادیارە کە لەو بەلەمەدا بوون کە دوێنێ لە سنوورە ئاوییەکانی لیبیا ژێرئاو کەوت.

هۆبەی لیبیای رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە: "ئاماژە بەوە دەدرێت لە ئاکامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک لە کەناراوەکانی لیبیا لانیکەم ٧٣ کۆچبەری نایاسایی چارەنووسیان نادیارە و ئەگەری ئەوە هەیە گیانیان لەدەست دابێت. ئەم بەلەمە کە نزیکەی ٨٠ کەسی هەڵگرتبوو و بەرەو ئەورووپا بەڕێکەوتبوو لە ١٤ی شوبات کەوتبووە جووڵە. حەوت سەرنشینەکەی دیکەی کە زۆر بە زەحمەت رزگاریان ببوو ئێستا لە نەخۆشخانەن".

گوتەبێژی نووسینگەی هەماهەنگیی دەریای ناوەڕاست لە رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی، فلاڤیۆ دی گیاکۆمۆ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، لە کانوونی دووەمەوە تاکو ئێستا زیاتر لە ١٣٠ کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی داتاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ٢٠٢٢دا كۆی گشتیی هەزار و ٣٧٧ کۆچبەری نایاسایی کە ویستوویانە لە ئەفریقاوە بپەڕنەوە بۆ ئەورووپا لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەست داوە.