وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق: بەنداوەكانی عێراق بەرگەی بوومەلەرزەی زۆر بەرز دەگرن
وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق رایگەیاندوە: لەماوەی سەردانەكەی بۆ ئێران، پێشنیاری ئەوە دەكات كەبەنداوی هاوبەش لەسەر سنورەكانی عێراق لەگەڵ ئێران دروست بكرێن، بۆ ئەوەی هەردوولا سود لەئاوەكەی ببینن.
عەزن زیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق لەبارەی كاریگەری بومەلەرزەی توركیا وسوریا بۆ سەر بەنداوەكان رایگەیاند: ئەو بومەلەرزەیەی عێراقی گرتبوویەوە لەئاستی ناوەندی وكەمتر لە 5 پلە بووە، وگوتی: بەنداوەكانی عێراق بەشێوەیەك دروستكراون بەرگەی بوومەلەرزەی پلەبەرزتریش دەگرن.
ئاماژەی بەوەشكرد: لەگەڵ لایەنەكانی توركیا وسوریا قسەمان كردوە و، ئێمەیان ئاگاداركردۆتەوە كەهیچ مەترسییەك لەسەر بەنداوە سەرەكییەكانی سەر روبارەكانی دیجلە وفۆرات دروست نەبووە، ئەوەی لەسوشیاڵ میدیا و،میدیاكان باسی لێوەدەكرێت كە توركیا ئاوەكەی بەرداوەتەوە دوورە لەراستیەوە.
لەبارەی دوایین گفتوگۆكانیان بۆ رێككەوتن لەسەر پشكی ئاوی عێراق لەگەڵ توركیا و ئێران، زیاب رایگەیاند: بەردەوامین لەگەڵ هەردوو وڵات بۆ گەیشتن بەرێككەوتنێك و، دوای هەڵبژاردنەكانی توركیا لەئاستی وەزیرەكان كۆبوونەوە دەكرێت، تا بگەین بەچارەسەرێك.
ئاشكرایكرد: زیاتر لەدوو ساڵە هیچ چاوپێكەوتنێكمان لەگەڵ لایەنی ئێرانی نەبووە لەوبارەیەوە، بەڵام بانگهێتشكراوین بۆ كۆنگرەی ئاو لەتاران و، لەماوەی رۆژانی داهاتوو دا لەگەڵ وەزیری وزەی ئەو وڵاتە و، بەرپرسی ئیدارەدانی ئاوی ئێران كۆدەبینەوە و،پێشنیاری ئەوەش ئاراستەی ئێران دەكەم بۆ دروستكردنی بەنداوی هاوبەش لەسەر سنوری نێوانمان دا.