زێلێنسکی: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ رووسیا 36 هێرشی مووشەکیی ئەنجامداوە"
دیجیتال میدیای سپێده
سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی رایگەیاند کە رووسیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ٣٦ هێرشی مووشەکیی بۆسەر ئۆکراینا ئەنجامداوە.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەشداری لە دانیشتنی تایبەتی پەرلەمانی نەرویج کرد و لەو چوارچێوەیەدا گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرۆکی ئۆکرانیا بە ئاماژەدان بەوەی کە رووسیا 36 هێرشی مووشەکیی ئەنجامداوە، وتی: "دیسانەوە خەڵکی مەدەنی، دیسانەوە گیان لەدەستدان، بەڵام ئەمجارەش نیوەی مووشەکەکان تێکشکێندران. ئێمە لەگەڵ ئێوەدا هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ لەسەدا سەد شکستهێنان بە کردەوە تیرۆریستییەکانی رووسیا".
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی ئاماژەی بەوە دا کە نەرویج پشتگیری لە بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیا دەکات و وتی: "پشتیوانی ئێوە شارەکانمان لە داگیرکارییەکانی رووسیا دەپارێزێت".
سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی باسی لەوەش کرد کە نەرویج یارمەتی بوژانەوەی کەرتی وزەی ئۆکراینای داوە کە بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانەوە زیانی پێگەیشتبوو، ئەوەش وایکرد خەڵکەکە بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی هەروەها رایگەیاند کە رووسیا ناتوانێت بەسەر ئەو کەسانەدا سەربکەوێت کە داکۆکی لە ئازادی دەکەن.
وتیشی: "رێگە نادەین ئاڵای رووسیا لە خاکی داگیرکراوی ئۆکرانیادا بچەقێندرێت".
سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی وتیشی: "نەرویج هاوکاریی سەربازیی دابین دەکات، ئەمەش رێگە لە بڵاوبوونەوەی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپی رووسیا لەسەر خاکی ئۆکرانیا دەگرێت".