جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند رووسیا تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی لە ئۆکراینا ئەنجامداوە
دیجیتال میدیای سپێده
جێگری سەرۆکی ئەمریکا، كاماڵا هاریس رایگەیاند، رووسیا تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی لە ئۆکراینا ئەنجامداوە.
لە میانی گوتارێکیدا لە ٥٩هەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ لە ئەڵمانیا، كاماڵا هاریس رایگهیاند: "ئەمریکا بە فەرمی دیاری کردووە کە رووسیا (لە ئۆکراینا) تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی ئەنجامداوە".
وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە واشنتۆن هاوکاریی ئۆکراینا دەکات لە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی رووسیا دژ بە مرۆڤایەتی، هاریس جەختی لەوە کردەوە کە "تاوانباران" و ئەوانەی فەرمانی ئەم تاوانانەیان داوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و رایگهیاند: "پێویستە لێرەدا هەموومان هاوڕا بین و بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە دادپەروەری بەرقەرار بێت".
جێگری سهرۆكی ئهمریكا بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە رووسیا بەرپرسیارە لەو تاوانە بەربڵاوانەی دژ بە دانیشتوانی مەدەنی لە ئۆکراینا ئەنجام دەدرێت، هاوكات تاوانەکانی وەک کوشتن، دەستدرێژیکردن، ئەشکەنجەدان و دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێی خستە لیستی تاوانەکانەوە.
کاماڵا هاریس هەروەها ئاماژەی بەوە دا ئەمریکا تا ئەو کاتەی پێویست بکات، بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا.
- پەیوەندییەکانی نێوان چین و رووسیا
هاریس باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان چین و رووسیا کرد و ئاشكرایكرد، نیگەرانن لە قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی مۆسکۆ لەگەڵ پەکین لە دوای شەڕی رووسیا و ئۆکراینا.
ههروهها داوای لە چین کرد چەک نەنێرێت و پاڵپشتی رووسیا نەکات، جەختیشی لەوە کردەوە کە پەکین لەم چوارچێوەیەدا هەر هەنگاوێک بنێت، زیاتر سیستمی یاسای نێودەوڵەتی دەشێوێنێت.
- یاسای کەمکردنەوەی هەڵاوسانی ئەمریکا
جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند لە دانوستانەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئەورووپا سەبارەت بە یاسای کەمکردنەوەی هەڵاوسانی ئەمریکا، "هەندێک بەرەوپێشچوون بەدیکراوە".
كاماڵا هاریس ئاماژەی بەوەش کردووە، دوێنێ لە ٥٩هەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن کاریگەریی هاندانەکانی تەکنەلۆژیای سەوز و یاسای کەمکردنەوەی هەڵاوسانی ئەمریکا بەسەر کەرتی پیشەسازیی ئەورووپاوه، تاوتوێ کردووە.