سەرچنار ئەحمەد: حکومەت خەمساردە لە کەیسی مناڵە وونبووەکانی هەڵەبجە
دیجیتاڵ میدیای سپێدە
سەرچنار ئەحمەد، پەلەمانتاری یەكگرتوو لەخولی پێنجەمی پەرلەمان ڕایدەگەیەنیت پێشنیازە یاسایەكی تایبەت بە كەیسی منداڵە ونبوەكانمان پێشكەشكرد، بەڵام ڕەتكرایەوە.
سەرچنار ئەحمەد، پەلەمانتاری یەكگرتوو لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەبڵاوكراوەیەكدا ڕایگەیاند: لەسەرەتای خولی پێنجەمی پەرلەمان دەستمانكرد بەكۆكردنەوەی واژۆی پێویست بۆ پێشكەشكردنی پێشنیازە یاسای منداڵە ونبوەكان لەكۆچە بەكۆمەڵەكان و پاش كۆكردنەوەی واژۆی پێویست ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانمان كرد بۆئەوەی بیخاتە بەرنامەی كاری كۆبونەوەكان بۆئەوەی چارەسەری گرفتی منداڵە ونبوەكانی هەڵەبجەو كۆڕەوەكەی 1991و كۆمەڵكوژی كوردانی ئێزدی ساڵی 2014 و هەر روداوێكی هاوشێوەی تربكات كە لەهەرێمی كوردستان رویانداوە.
ئەوەشی خستەڕوو: ئێمە لەساڵی 2019وە چاوەڕێی وەڵامی سەرۆكایەتی پەرلەمان بوین هەرنەبو، دواتر ئاگادار كراینەوە كە پێشنیازە یاساكە بەهۆی ڕەهەندی داراییەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە بۆ دەربڕینی ڕەزامەندی، بەڵام بەداخەوە ئەنجومەنی وەزیران لەڕێی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان سەرۆكایەتی پەرلەمانیان ئاگاداركردەوە بەڕەتكردنەوەی پێشنیازە یاساكە بە هۆكاری نەبونی بۆشایی یاسایی و بارگرانی دارایی.
سەرچنار ئەحمەد ڕوونیشی كردەوە: رەتكردنەوەكە بەبڕوای ئێمە خۆلادان بو لەبەرپرسیارێتی حكومەت بەرامبەر بەو كەیسەو بارگرانی دارایی لەسەری كە نەدەبو حكومەت كارڕایی دۆزینەوەی منداڵە ونبوەكان بە بارگرانی دارایی لە قەڵەم بدات، بۆیە حكومەتی هەرێم لەكەیسی منداڵە ونبوەكانی هەڵەبجە خەمساردو كەمتەرخەمە.