کۆریای باکوور دواهەمین تاقیکردنەوەی مووشەکیی بەرامبەر "هەڕەشەکانی" کۆریای باشوور و ئەمریکا ئەنجامداوە
دیجیتال میدیای سپێده
کۆریای باکوور رایگەیاند کە دواهەمین تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیی کیشوەربڕی بەرامبەر "هەڕەشە سەربازییەکانی" کۆریای باشوور و ئەمریکا ئەنجامداوە.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی کۆریای باکوور لەبارەی ئاراستەکردنی مووشەکەکە لە دوێنێدا رایگەیاندووە کە کۆریای باکوور سەلماندی "توانای رێگەگرتنی لە مەترسییەکان، جێی باوەڕە".
لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کۆریای باکوور رایگەیاندووە، دواهەمین تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیی کیشوەربڕی بەرامبەر "هەڕەشە سەربازییەکانی" کۆریای باشوور و ئەمریکا ئەنجامداوە.
کیم یۆ جۆنگ خوشکی سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون ئەو سەرکۆنانەی رەت کردەوە کە لە تاقیکردنەوەکە گیران و ئەمریکا و کۆریای باشووریشی بە "تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە" تۆمەتبار کرد و گوتی: "کۆریای باکوور بەرامبەر ئەو جموجۆڵانەی لە دژی دەکرێن، رێوشوێنێکی زۆر بەهێز دەگرێتە بەر".
کیم یۆ جۆنگ بە ئاماژەدان بەوەی کە "هێشتا بەنیاز نین رووبەڕووی کۆریای باشوور ببنەوە"، گوتی: "ئەگەر کۆریای باشوور بیر لەو لێکەوتانە بکاتەوە کە لە ئاکامی کارە بێپەرواکانیدا روو دەدەن باش دەبێت".
ژاپۆن و کۆریای باشوور رایانگەیاند کە دوێنێ سەرلە بەیانی کۆریای باکوور مووشەکی بالیستیی تاقی کردووەتەوە.
مووشەکە بالیستییەکە بۆ ماوەی ٦٦ خولەک لە ئاسماندا ماوەتەوە، ٩٩٠ کیلۆمەتری بڕیووە و تاکوو پێنج هەزار و ٧٠٠ کیلۆمەتریش بەرزبووەتەوە.
ئەمریکا لای خۆیەوە "بەتوندی" سەرکۆنەی ئەو تاقیکردنەوە مووشەکییەی کرد.
کۆریای باکوور لە ٢٠٢٢ لە ٣٧ تاقیکردنەوەی مووشەکی لێکجیاوازدا، نزیکەی ٩٠ مووشەکی ئاراستە کرد و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تاکوو ئێستا بەم تاقیکردنەوە مووشەکییەوە، دووەمین تاقیکردنەوەی مووشەکیی ئەنجامداوە.