هەواڵی کوردستان ئێستا

" بە بڕیارێکی نا یاسایی گشت زیندانیانی بادینان لە یەکتر جیاکراونەتەوە"

" بە بڕیارێکی نا یاسایی گشت زیندانیانی بادینان لە یەکتر جیاکراونەتەوە"

2023-02-19 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


ئەیھان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان ڕایگەیاند: لەسەر بەکارھێنانی چارەسەری پزیشکی ھاریوان عیسا خرایە زیندانی تاکە کەسی، ئەیاز کەرەمیش دەستی بە مانگرتن کردوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 19/2/2023 ئەیھان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان لە بڵاوكراوەیەكدا ڕایگەیاند: بەداخەوە وەکو سزایەکی نوێ و سەیر ئیدارەی چاکسازی گەورانی ھەولێر لەسەر بەکارھێنانی چارەسەری پزیشکی ھاریوان عیسا خرایە زیندانی تاکە کەسی، پێیان وتوە؛ ئەم حەب و دەرمانە چین ؟! لە کاتێکدا ئەو دەرمانە پزیشکیە لە لایەن ئیدارەوە داخل بوە و پێویست بوو خزمەتی پزیشکی پێشکەش بکرێت نەک دەرمانەکە لێی قەدەغەبکرێت و بە ئنفرادی سزابدرێت.

ئەوەشی خستەڕوو: لەبەرامبەر ئەم سزا و ناحەقییە (ئەیاز کەرەم و ھاریوان عیسا) دەستیان بە مانگرتن کردور لە خواردن و خواردنەوە تاکو ئەو سزایە لەسەریان ھەڵبگرن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە بڕیارێکی نا یاسایی و پیلان بۆ داڕێژراو گشت زیندانیانی بادینان لە یەکتر جیاکرانەوە و ھەر یەکێکیان لە ھوڵێک دانراون و ژمارەی بەشێک لە کەسوکاریان بلۆککراون تا ھیچ ئاگادارییەک لەسەر دۆخیان ئاشکرا نەبێت.

ئەوەشی ووتوە: ئەم سزا و شەڕە دەرۆنییەی بەرامبەر زیندانیانی بادینان دەکرێت نیەتی زۆر مەترسیداری لە پشتە، دورە لە ھەموو پرەنسیپێکی مافی مرۆڤ و یاسا، تا ڕاددەی گومانی (پیلانی ڕەش و تیرۆری بایلۆجی) ھەیە.
پێویستە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە پشکی گۆڕان و بەرێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی ھەرێم لە پشکی یەکێتی بەرامبەر ئەم زۆڵمە ھەلوێستیان ھەبێت و بۆ یەکجاریش بێت سەرەدانی سزادراوانی بادینان بکەن.

ئەیھان سەعید ئەوەشی ڕاگەیاند: پێویستە زیندانیان ئازادبکرێن، چونکە لە ڕووی یاساییەوە بەپێ بڕیاری دادگا و کەمکردنەوەی لەسەدا ٦٠٪‏ی سزاکەیان لە لایەن سەرۆکایەتی ھەرێمەوە و لەبارچاوگرتنی یاسای ژمارە ٢٣ی بنەما دادگاییەکانی سزا (اصول محاكمات الجزائية)، ئازادکردنی مەرجدار (إفراج الشرطي) ماددەی ٣٣١، سزای زیندانیانی بادینان تەواو بوە و زیاتریش لە ماوە یاساییەکەی خۆیان ڕاگیراون.