وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێم: "مامەڵە بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای تورکیا دەکەین"
دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان، پێنج بڕیاری تایبەت بە رەوشی خوێندن و ماوەی مانەوەی ئەو خوێندکار و قوتابییانەی ھەرێمی کوردستان کە لە تورکیا دەخوێنن، دەرکرد.
ئەمرۆ سێشەمە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان نووسراوێکی بەژمارە (٣٤٢٣) کە واژووی وەزیری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئارام محمد قادر-ی لەسەرە، سەبارەت بە روودانی کارەساتی سروشتی (بوومەلەرزە) لە تورکیا دەرکردووە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە لەبەر رۆشنایی بریاری ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای ئەم وڵاتە کە بەشێک لە خوێندنی وەرزی بەھارەی بۆ ساڵی ئەکادیمی (٢٠٢٢-٢٠٢٣) کردوە بە ئۆنڵاین، بڕیاردراوە، ئەو خوێندکارانەی کە دەستیان بە خوێندن کردوە لە زانکۆکانی تورکیا ماوەی خوێندنیان بە ئۆنڵاین لەنێوان رێکەوتی (٢٠٢٣/٢/٦) تاکو (٢٠٢٣/٤/١) بە ماوەی مانەوە بۆیان ھەژمار دەکرێت.
راشیگەیاندووە، بڕیاردراوە ئەو خوێندکارانەی کە دەستیان بە خوێندن نەکردووە، ئەگەر لە زانکۆکەیان خوێندن بووە بە ئۆنڵاین دەبێت خوێندنەکەیان دوا بخەن بۆ سیمستەری داھاتوو.
ھەروەھا بەپێی نووسراوەکە، بڕیاردراوە بەدەر لەو بڕیارەی ئەنجوومەنی ناوبراو ھەر سیستمێکی تر (دواخستن بۆ سیمستەری داھاتوو) پیادە بکات، بەپێی ناوەڕۆکی بڕیاری زانکۆکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
لە نووسراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو، سەبارەت بە بەشە پزیشکییەکان ئەو بەشانەی کە لایەنی پراکتیکیان ھەیە تا ئێستا ئەنجوومەنی ناوبراو ھیچ بڕیارێکی دەرنەکردوە لەکاتی دەرکردنی ھەر بڕیارێک وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان پەیوەست دەبێت بە لەبەر چاوگرتنی پاراستن و تەندروستیی قوتابی و خوێندکارەکانی ھەرێمی کوردستان لە تورکیا.
باسی لەوەش کردووە کە بڕیاردراوە، ھەر بڕیارێک لە داھاتوودا، لەلایەن ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای تورکیا (YOK) دەربچێت، ئەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.