هەواڵی کوردستان ئێستا

ئێران: 'بەرپرسانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سەردانی تارانیان کردووە و بەدواداچوون دەکەن'

ئێران: 'بەرپرسانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سەردانی تارانیان کردووە و بەدواداچوون دەکەن'
ئێران: 'بەرپرسانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سەردانی تارانیان کردووە و بەدواداچوون دەکەن'

2023-02-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

ئێران ئاشکرای کرد کە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو بانگەشانەی باس لەوە دەکەن وڵاتەکەی بە پوختەی سەدا ٨٤ یۆرانیۆمی پیتاندووە لە دوێنێوە تا ئێستا، بەرپرسانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سەردانی وڵاتەکەیان کردووە و بەدواداچوونیان کردووە.

بەپێی هەواڵێکی تەلەڤیزیۆنی فەرمی ئێران، سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران، محەمەد ئیسلامی لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە تارانی پایتەخت، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.

ئیسلامی باسی لەوە کرد کە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی، ئێران بەرپرسیارێتییەکانی لەبارەی رێککەوتنەکە راگرتووە و ئەوەشی خستەڕوو کە رێککەوتنەکە، رێککەوتنێکی زۆر فرەلایەن بوو، بەڵام ئەمریکا نە بەرپرسیارێتییەکانی بەجێگەیاند، نە رێگەی بە هاریکاری لایەنەکان دا.

گوتیشی: 'ئەو گوشارە سیاسییە باڵایە قبوڵ ناکەین کە ئامانج لێی ئەوەیە وا لە ئێران بکرێت تاک لایەنانە بەرپرسیارێتییەکانی ناو رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات. لە چوارچێوەی وردبینی ئەمنیدا لەگەڵ ئاژانسەکەدا بەردەوام دەبین لە هاریکاری'.

ئیسلامی باسی لەوە کرد کە دوای ئەوەی لە میدیا نێودەوڵەتییەکان وا بڵاوکرایەوە ئێران بەپوختەی سەدا ٨٤ یۆرانیۆمی پیتاندووە، دوێنێ بەرپرسانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هاتنە تاران و گوتی: 'بەرپرسانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە دوێنێوە لە تارانن، سەردان و بەدواداچوون ئەنجام دەدەن. لە سایەی ئەم بەدواداچوونانەدا ئەو نادڵنیاییانە چارەسەر دەبن کە لەسەر بنەمای هەڵەی پشکنەرێک دروست بووە'.