ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشی ئاسمانی كردەوە سەر كەرتی غەززە
دیجیتال میدیای سپێده
دوای هێرشەكەی دوێنی سەر شاری نابلس، بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێكی دیكە ئیسرائیلی داگیركەر هێرشەكانی بۆ سەر فەلەستین دەست پێكردەوە، ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیان كردە كۆمەڵگە نیشتەجێبووەكانی خەڵكی فەلەستین لە كەرتی غەززە.
بەپێی قسەی شایەتحاڵلان كە بۆ ئاژانسەكانی هەواڵ قسەیان كردووە، لە هێرشە ئاسمانیەكانی ئیسرائیل ژمارەیەك خانوو و ماڵی دانیشتوانی كەرتی غەززە زیانی بەركەوتووە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتۆتەوە.
سوپای ئیسرائیلی داگیركەر لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: هێرشێكی ئاسمانیان كردۆتە سەر شوێنێكی بەرهەمهێنانی چەك و گردبوونەوەیەكی سەربازی بزوتنەوەی حەماس لە كەرتی غەززە، بەڵام تا ئێستا بزوتنەوەی حەماس هیچ وڵامێكی بۆ ئەو لێدوانەی سوپای ئیسرائیل نەبووە.
لە لایەكی دیكەوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: بەیانی ئەمڕۆ شەش موشەك لە كەرتی غەززە وە ئاراستەی ئیسرائیل كراوە ، پێنج لەو موشەكانە لە لایەن قوبە ئاسنینەوە كرانە ئامانج و خرانە خوارەوە و یەكیچك لە موشەكەكانیش لە سنوری ئیسرائیل كەوتووەتە خوارەوە.
هەر ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل لە قودسی ڕۆژهەڵاتەوە لە دەروازەی گەڕەكی ئەعلا لە شاری ئەدومیم لە ڕۆژهەڵاتی قودس تەقەیان لە ژنێكی فەلەستینی كرد.
ماوەی چەند رۆژێكە ئیسرائیل جارێكی دیكە دەستی كردۆتەوە بە هێرشی سەربازی بۆ سەر فەلەستین و تەنیا دوێنێ 10 كەسی لە نابلس شەهید كرد.