ناوچەكانی هێڵی باكووری ئەمریكا بۆ ماوەی سێ رۆژ دەكەونە ژێر كاریگەری شەپۆلێكی گەردەلوولی بەفر
دیجیتال میدیای سپێده
لە ئەمڕۆوە شەپۆڵێكی رەشەبای بەهێز و بەفر بارین ڕوو لە ناوچەكانی رۆژئاوای ئەمریكا دەكات شەپۆڵەكە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت تاكو دەگاتە زەریای ئەتڵەسی كاریگەریی نیشاندەدات.
بەپێی راگەیەندراوێكی ئاژانسی كەشناسیی نیشتمانیی ئەمریكا، لە كەناری باكوور لەوپەڕی رۆژئاوای ئەمریكا لە ویلایەتی كالیفۆرنیاوە تاكو ئەوپەڕی باكوور دەكەوێتە ژێر مەترسیی گەردەلوولی بەفر كە ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.
هاوكات هەلومەرجی گەشتكردن لەو ناوچانە خراپ دەبێت و بارودۆخی مەترسیداری وەك سەرما و سۆڵە، بەفر و سەهۆڵبەندان كاریگەری لەسەر زیاتر لە 65 ملیۆن كەس لە 29 ویلایەتی ئەمریكا دەبێت.
چاوەڕوانی ئەوەش دەكرێت كە ئەستووری بەفر لە ویلایەتی مینیسۆتا لە سنووری كەنەدا لە ماوەی سێ رۆژدا 60 سانتیمەتر تێپەڕێنێت و لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا بگاتە لووتكە.
بەپێی سستەمی چاودێریكردنی گەشتی ئاسمانیی لە ئەمریكا ئەمڕۆ بەهۆی ئەو شەپۆڵە سەرمایە زیاتر لە هەزار و 70 گەشتی ناوخۆیی و نێودەولەتی هەڵوەشێندراوەتەوە و 999 گەشتیش دواخراوە، زۆرترین ئەو گەشتانەی كە هەڵوەشێندرانەتەوە پەیوەندییان بە ئاراستەكانی مینیاپۆڵس، دێنڤەر، دیترۆیت و شیكاگۆوە هەبووە، میدیاكانی ئەمریكا بڵاویان كردەوە، لە كالیفۆرنیا بەهۆی باهۆزێكی بەهێز هێڵەكانی كارەبا پچڕاون و زیاتر لە 100 هەزار بەشداربوو بێ كارەبا ماونەتەوە. لەلایەكی دیكەوە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی مانگی ئاداردا، بارودۆخی مامناوەندی زستان هێشتا لە واشنتۆنی پایتەخت بەردەوامە.