وڵاتانی G7 داوا لە رووسیا دەکەن هێرشەکان رابگرێت و لە خاکی ئۆکرانيا بکشێتەوە
دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرکردەکانی وڵاتانی G7 کە پێکهاتوون لە ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، کەنەدا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا و ژاپۆن لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوایان لە رووسیا کرد هێرشەکان رابگرێت و دەستبەجێ، بە تەواوی و بێ مەرج لە خاکی ئۆکراینا بکشێتەوە.
سەرکردەکانی وڵاتانی G7 لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پشتیوانیی دیپلۆماتی و دارایی و سەربازیی خۆیان بۆ ئۆکراینا چڕتر دەکەنەوە و رایانگەیاندووە: "قارەمانێتیی گەلی ئۆکراینا لە جەنگی رووسیا و ئۆکراینادا بەرز دەنرخێنین. رووسیا ئەو لایەنەیە کە جەنگەکەی دەستپێکردووە و هەر ئەویشە کە دەبێت کۆتایی پێبهێنێت. حکوومەتی مۆسکۆ تۆمەتبارە بە وێرانکردنی نەخۆشخانە و قوتابخانە و ژێرخانی ئۆکراینا و لەنابردنی شارە مێژووییەکان".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "داوا لە رووسیا دەکەین هێرشەکانی رابگرێت و دەستبەجێ و بە تەواوی و بێ مەرج هێزەکانی لە خاکی ئۆکراینا بکشێنێتەوە".
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە بەکارهێنانی هەر چەکێکی کیمیایی، بایۆلۆجی، تیشکی یان ئەتۆمی لەلایەن رووسیا، لێکەوتەی جیددی دەبێت و ئاماژە بەوە کراوە کە بە کشانەوەی هێزەکانی رووسیا لە وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژییا، چارەسەرێک بەدەست دێت.
لە راگەیەندراوەکەی وڵاتانی G7 جەخت لە هەوڵە هەماهەنگەکان بۆ دابینکردنی کەرەستەی سەربازیی و بەرگریی، هەروەها تەقەمەنی و تانکی پێویست بۆ ئۆکراینا، کرایەوە.
هەروەها ئاماژە بەوە کرا کە پشتیوانییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئابووری و دارایی ئۆکراینا بەردەوام دەبێت. وەزیرانی دارایی و بەڕێوەبەرانی بانکی ناوەندیی وڵاتانی G7 بوودجە و پشتیوانیی ئابووریی خۆیان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بۆ ٣٩ ملیار دۆلار بەرزکردووەتەوە.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراینا لە لەندەن پایتەختی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.
سەرکردەکانی وڵاتانی G7 رایانگەیاندووە کە بڕیاریان داوە سزای ئابووری نوێ بسەپێنن، سزاکانی سەر رووسیا زیاد بکەن و رێوشوێنی زیاتر بگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئەو وڵاتە بە تەکنەلۆجیا و زانیارییەکان کە دەتوانێت بۆ دروستکردنی ئامێرەکانی جەنگ بەکاریبهێنێت.
جگە لەوەش هەنگاو دەگیرێتەبەر بۆ بەردەوامیدان بە قەدەغەکردنی هەناردەکردن، بە مەبەستی کەمکردنەوەی داهاتی وزە کە رووسیا بۆ دابینکردنی دارایی "هێرشە نایاساییەکانی" بەکاریدەهێنێت.
هەروەها رێوشوێن بۆ کەمکردنەوەی داهاتی رووسیا لە هەناردەکردنی ئەڵماس دەگیرێتەبەر.
- جەخت لەسەر گرنگیی دەستپێشخەریی دانەوێڵەی دەریای رەش کرایەوە
لە راگەیەندراوەکەدا ئیرادەی هاوبەش دووپاتکراوەیە بۆ بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی هاوکاریی بەپەلە بۆ ئە وڵاتانەی دوچاری قەیرانی دانەوێڵە بوونەتەوە.
هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە رێککەوتنی رێڕەوی دانەوێڵە لە ١٨ی ئادار درێژبکرێتەوە.
- پاڵپشتیکردنی تورکیا لە رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی بوومەلەرزەکان
لە لایەکی دیکەوە لە راگەیەندراوەکەدا وێڕای دەربڕینی دڵتەنگی قوڵ بۆ ئەو کەسانەی کە لە بوومەلەرزەکانی قەهرەمانمەڕەش زیانیان بەرکەوتووە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەوان هاوسۆزی گەلی تورکیا و سووریان و پشتیوانی لەو وڵاتانە دەکەن کە دوچاری زیانی گەورە هاتوون.
جەختیش لەسەر گرنگیی دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکان بۆ باکووری خۆرئاوای سووریا کرایەوە.
هەروەها لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا پێشوازی لە دەستپێشخەریی یەکێتیی ئەورووپا کرا بۆ میوانداریکردنی کۆنفرانسی خێرخوازان بۆ پشتیوانیکردن لە قوربانییانی بوومەلەرزەکان لە تورکیا و سووریا.