عێراق و ئێران پتەوترکردنی پەیوەندییەکانیان لە بواری سەربازییدا تاوتوێ کرد
دیجیتال میدیای سپێده
وەزیری بەرگریی عێراق، سابت عەباسی و وەزیری بەرگریی ئێران، محەمەد رەزا ئاشتیانی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران-یان لە بواری سەربازییدا تاوتوێ کرد.
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە سابت عەباسی لە میانی سەردانەکەی بۆ تاران لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئێران، محەمەد رەزا ئاشتیانی کۆبووەتەوە.
لای خۆیەوە ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی ئێران بڵاوی کردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سابت عەباسی و محەمەد رەزا ئاشتیانی جەختیان کردووەتەوە لەسەر گرنگی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئێران بە ئامانجی چەسپاندنی ئاسایش لە سنووری نێوان ھەردوو وڵاتدا.
راشیگەیاندووە کە وەزیری بەرگریی ئێران گوتوویەتی: "ئامادەین ھاوکاری عێراق بکەن، بۆ ئەوەی بتوانێت پێدوایستییەکانی خۆی لەبواری پیشەسازیی سەربازییدا، دابین بکات".
باسی لەوەش کردووە کە وەزیری بەرگریی عێراق، سابت عەباسی جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە حکوومەتی عێراق، سوورە لەسەر دووبارە بنیاتنانەوەی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەوەیش دوای شەڕێکی درێژخایەن لەگەڵ رەوتە توندئاژۆکان و رایگەیاندووە کە دەیانەوێت سوود لە توانا و ھاوکارییەکانی ئێران وەربگرن لە رووی تەکنیکی و تەکنەلۆجیا، ھەروەھا مەشق و راھێناندا.
دوێنێ شەممە، وەزیری بەرگریی عێراق، سابت عەباسی بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە تاران کە سەردانەکەی دوو رۆژ دەخایەنێت.
دوێنێ وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاندبوو کە سابت عەباسی لە میانی سەردانەکەی بۆ تاران لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئێران، محەمەد رەزا ئاشتیانی لەبارەی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات، بەتایبەتی لەبواری سەربازییدا گفتوگۆ دەکەن.