ئیمارات، ئوردن، میسر و بەحرێن ١٢ رێککەوتنیان بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دۆلار واژوو کرد
دیجیتال میدیای سپێده
سێیەم کۆبوونەوەی دەستپێشخەریی " هاوبەشی پیشەسازی یەکگرتوو بۆ گەشەپێدانی ئابووری بەردەوام" کە ئیمارات، میسر و بەحرێن دەگرێتەوە لە عەممانی پایتەختی ئوردن بەڕێوەچوو.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئوردن PETRA، لە چوارچێوەی "کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوبەشی پیشەسازی یەکگرتوو بۆ گەشەپێدانی ئابووری بەردەوام" کە بە بەشداری وەزیری پیشەسازیی هەر چوار وڵاتەکە لە عەممانی پایتەختی ئوردن دەستیپێکردووە، ١٢ رێککەوتن لە نۆ پرۆژەدا بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە بوارەکانی وەکو خۆراک و پیشەسازی دەرمان واژوو کراوە.
چاوەڕوان دەکرێت پرۆژەکان ١٣ هەزار دەرفەتی کار لە وڵاتەکاندا دابین بکات.
کۆبوونەوەی یەکەمی لیژنەی باڵای هاوبەشی پیشەسازی یەکگرتوو بۆ گەشەپێدانی ئابووری بەردەوام، لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٢ بە بەشداری ئیمارات، میسر و ئوردن لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات بەڕێوەچوو. لە مانگی تەمووزی هەمان ساڵدا کۆبوونەوەی دووەم بە بەشداری بەحرێنیش لە قاهیرەی پایتەختی میسر ئەنجامدرا.