هەواڵی کوردستان ئێستا

ئیسرائیل بە داخستنی دەروازە سنوورییەکانی شاری ئەریحا رێگری لە هاتوچۆ بۆ ئوردن دەکات

ئیسرائیل بە داخستنی دەروازە سنوورییەکانی شاری ئەریحا رێگری لە هاتوچۆ بۆ ئوردن دەکات
ئیسرائیل بە داخستنی دەروازە سنوورییەکانی شاری ئەریحا رێگری لە هاتوچۆ بۆ ئوردن دەکات

2023-02-28 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێدە

ئیسرائیل، دەروازە سنوورییەکانی شاری ئەریحا لە کەناری رۆژئاوا داخست و بەو شێوەیەش رێگری لە هاتوچۆی نێوان ناوچەکە و ئوردن دەکات.

بەگوێرەی هەواڵێکی رادیۆی فەڵەستین، هێزەکانی ئیسرائیل خاڵی پشکنینیان لە دەروازەکانی شاری ئەریحا داناوە و رێوشوێنەکانی هاتنەناوەوە و چوونەدەرەوەیان زۆر توند کردووە.

پارێزگاری ئەریحا و ئەغوار، جیهاد ئەبو عەسەل لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆی فەڵەستین رایگەیاند: "بەهۆی ئەو خاڵی پشکنینانەی لەلایەن هێزەکانی داگیرکەرەوە لە چوار دەروازەی ئەریحا داندراون، چوونەدەرەوە لە شارەکە زۆر قورسە".

جیهاد ئەبو عەسەل ئاماژەی بەوەشدا کە لەهەردوو ئاراستەوە زنجیرێکی درێژی ئۆتۆمبێل لەبەردەم خاڵی پشکنینەکاندا چاوەڕێی مۆڵەت پێدانن و پشکنینی زۆر وردیش بۆ ئۆتۆمبێلەکان دەکرێت.

- دەروازەی سنووریی نێوان ئوردن و کەناری رۆژئاوا داخراوە

بەگوێرەی هەواڵێکی رادیۆی فەڵەستین، هێزەکانی ئیسرائیل لە دوێنێوە تا ئێستا دەروازەی سنووریی کەرامە کە دەکەوێتە نێوان ئوردن و کەناری رۆژئاوا داخستووە.

شۆفێری پاسێک لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆکە ئەوەی خستەڕوو کە لە هۆڵەکانی چاوەڕوانی گەشتیاران لە شاری ئەریحا، جەنجاڵییەکی زۆر دروست بووە و بەهۆی داخستنی دەروازە سنوورییەکەوە، گەشتیارەکان دووبارە گەڕاونەتەوە بۆ هۆڵەکانی چاوەڕوانی.

جێی ئاماژەیە دەروازەی سنووریی کەرامە تاکە دەروازەیە کە فەڵەستینییەکانی کەناری رۆژئاوا بە جیهانی دەرەوەوە دەبەستێتەوە.

- گرژییەکانی کەناری رۆژئاوا روو لە زیادبوونن

هێزەکانی ئیسرائیل لە ٢٢ی شوباتدا هەڵیانکوتایە سەر چەند خاڵێکی شاری نابلوس لە باکووری کەناری رۆژئاوا و ئەمەش بووە هۆی دووبارە زیادبوونەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا. لە پەلامارەکەی ئیسرائیلدا ١١ فەڵەستینی کوژران و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون.

لە ٢٦ی شوباتیشدا دوو جوولەکەی نیشتەجێکراو لە پەلامارێکی چەکداریدا لە شارەدێی هووارا باکووری کەناری رۆژئاوا، کوژران.

ئێوارەی هەمان رۆژ، سەدان جوولەکە بە پاسەوانی سوپای ئیسرائیلدا پەلاماری شارەدێی هووارایان دا و بەدرێژایی شەو هێرشیان کردە سەر خانوو و ئۆتۆمبێلی فەڵەستینییەکان و لە گوندی زەعتەرە، هاووڵاتییەکی فەڵەستینی بەهۆی پەلاماری جوولەکەکانەوە گیانی لەدەست دا و سەدانی دیکەش برینداربوون.

دواتریش رۆژی ٢٧ی شوبات لە ناوچەیەکی نزیکی شاری ئەریحا، جوولەکەیەک لە پەلامارێکی چەکداریدا کوژرا.

دەزگای پەخشی ئیسرائیل "KAN" بڵاوی کردەوە کە سوپای ئیسرائیل بۆ "دەستگیرکردنی چەند چەکدارێکی هەڵاتوو" گەمارۆی شاری ئەریحای داوە.