پەرلەمانی ئەورووپا بەکارهێنانی تیک تۆکی لە کارمەندانی قەدەغە کرد
دیجیتاڵ میدیای سپێده
پەرلەمانی ئەورووپا کە یەکێکە لە دامەزراوەکانی سەربە یەکێتیی ئەورووپا لە دوای کۆمیسیۆن و ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا بە پاساوی نیگەرانی ئەمنیی، بەکارهێنانی تیک تۆک کە پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتیی چینییە لە کارمەندانی قەدەغە کرد.
سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا، رۆبەرتا مێتسۆلا نامەیەکی ئەلیکترۆنیی بۆ نزیکەی هەشت هەزار کارمەندی پەرلەمانی ئەورووپا رەوانە کردووە، داوایان لێ دەکات لە ٢٠ی ئادارەوە ئەپڵیکەیشنی تیک تۆک لەسەر مۆبایلەکانی شوێنی کار و ئایپادەکانیان بسڕنەوە.
لە نامە ئەلیکترۆنییەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەم بڕیارە بۆ پاراستنی کۆکردنەوەی زانیارییەکان و بەهۆی نیگەرانییەکان لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی سایبەر لەلایەن لایەنی سێیەمەوە دراوە، هەروەها پێشنیاز بۆ کارمەندان کراوە کە لە مۆبایلی تایبەتی خۆیشیان ئەو ئەپڵیکەیشنە بسڕنەوە.
یەکەم دامەزراوەی یەکێتیی ئەورووپا کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا بوو کە لە ٢٣ی شوبات بەکارهێنانی تیک تۆکی لە کارمەندانی قەدەغە کرد.
بەم جۆرە تیک تۆک لە تەواوی دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەورووپا قەدەغە کرا.
تیک تۆک کە سەربە کۆمپانیای تەکنەلۆجیای چینییە بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی ئەمنیی لەلایەن ژمارەیەک وڵات، پێشتریش لە ئەمریکا، بەکارهێنانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە لە تەلەفۆنەکانی تایبەت بە خزمەتی فەرمی قەدەغە کرا.