ئەمریکا: هەرگیز رێگە بە ئێران نادەین چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس رایگەیاند، ئەمریکا هەرگیز رێگە بە ئێران نادات چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی (UAEA) رایگەیاند کە لە دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ گەردیلەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی لەسەدا ٨٣،٧ دۆزراوەتەوە.
نێد پرایس لە وەڵامی پرسیارەکان سەبارەت بە راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە میانى کۆنگرەى رۆژنامەوانیى رۆژانەی خۆیدا گوتی: "سەرۆک (جۆ) بایدن بەڵێنی ئەوەی داوە کە ئێران هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، هەرگیز رێگە نادەین ئەوە رووبدات".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە کێشەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر دەکرێت و گوتی: "ئێمە دەمانەوێت چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ ئەو کێشەیە بدۆزینەوە کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دروستی کردووە. ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی کە کاریگەرترین رێگا بۆ گەیشتن بەم چارەسەرییە رێگەی دیپلۆماسییە. ئێمە هەموو ئامرازە پێویستەکان بەکاردەهێنین بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت".
پرایس ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا لە پەیوەندییەکی نزیکدایە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ئەورووپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کە گوتی: "تا ئێستا چەند سزایەکتان سەپاندووە، بەڵام وا دەردەکەرێت کە ئەوان (ئێران) بەردەوابن لە پیتاندنی یۆرانیۆم، تا چەند متمانەتان بەوە هەیە کە ئەم سزا نوێیانە، رێگری دەکەن لە ئێران لە درێژەدان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی؟" گوتی: "ئێمە لەڕادەبەدەر متمانەمان بەوە هەیە کە ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئەمە ئامانجێکە کە لەگەڵ وڵاتانی جیهان لە ئەورووپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوبەشی دەکەین".
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەو راپۆرتەی خۆیدا کە سێ مانگ جارێک لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی دەستەی بەرێوەبەرایەتی هاوبەشی پێ دەکات، سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەو زانیاریانەی خستەڕوو کە گەردیلەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەم وڵاتەدا دۆزراوەتەوە.