ئەمریکا رەزامەندی نیشان دا بە فرۆشتنی مووشەکی F-16 بە تایوان
دیجیتاڵ میدیای سپێده
ئەمریکا رەزامەندی نیشان دا بە فرۆشتنی مووشەکی فڕۆکەی جەنگیی F-16 بە بەهای ٦١٩ ملیۆن دۆلار بە تایوان کە لەگەڵ چین ناکۆکی سەروەری هەیە.
لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، رەزامەندی نیشاندراوە لەسەر فرۆشتنی ١٠٠ مووشەکی دژەڕاداری "AGM-88B HARM" و ٢٠٠ مووشەکی جۆری "AMRAAM" بە تایوان.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە بەهای فرۆشتنەکە ٦١٩ ملیۆن دۆلارە و هاتووە 'توانای بەرگریی ئاسمانیی تایوان، ئاساییشی هەرێمیی و توانای ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا بەرز دەکاتەوە'.
ئەو مووشەکانە کە لە فڕۆکەی جەنگیی F-16ی دروستکراوی ئەمریکادا بەکاردەهێنرێن، لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانی Raytheon و Lockheed Martin بەرهەم دەهێندرێت.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم رەزامەندی نیشاندانە لەسەر فرۆشتنی مووشەک بە تایوان کاردانەوەی چینی لێبکەوێتەوە کە تایوان وەک بەشێک لە خاکی خۆی دەبینێت.
وەزارەتی بازرگانیی چین، بەهۆی فرۆشتنی چەک بە تایوان پێشتر هەناردە و هاوردەی لەسەر دوو کۆمپانیا قەدەغە کردبوو.