ناوەندێک لە لاهای دەکرێتەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگی ئۆکرانیا
دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین ئاماژەی بەوە کرد کە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی جەنگ کە لە ئۆکراینا ئەنجام دەدرێن، لە شاری لاهای هۆڵەندا ناوەندێکی نێودەوڵەتی دەکەنەوە، کە ئەوەیش یەکەم هەنگاوە بۆ دامەزراندنی دادگای تایبەت بە جەنگ.
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، ڤۆن دێر لاین باسی لەوە کرد کە رووسیا لە ئۆکراینا هاووڵاتیانی مەدەنی دەکاتە ئامانج و هێرش دەکاتە سەر ژێرخانی وزە و ژێرخانەکانی دیکەی وڵاتەکە.
ڤۆن دێر لاین باسی لەوە کرد کە هێزەکانی رووسیا ئەشکەنجە، مامەڵەی خراپ و توندوتیژی سێکسی و کوشتنی بێ دادگاییکردنیان ئەنجام داوە و، گوتی: 'دەبێت رووسیا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت لەسەر ئەو تاوانە تۆقێنەرانەی ئەنجامیداون. دەبێت پوتین لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت. ئەوەی لە دەستمان بێت ئەنجامی دەدەین بۆ ئەوەی بکەران راپێچی دادگا بکرێت'.
هەروەها ڤۆن دێر لاین باسی لەوە کرد کە هەر لەبەرئەوەیە یەکێتیی ئەورووپا پشتیوانی لە رۆڵی دادگای سزای نێودەوڵەتی دەکات و، گوتی: 'پێمان وایە دادگایەکی تایبەت پێویستە بۆ ئەوەی تیایدا لێکۆڵینەوە لە تاوانەکان بکرێت'.
سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا ڤۆن دێر لاین، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەو کۆنفرانسەی کۆتایی ئەم هەفتەیە لە ئۆکراینا سازدەکرێت، رێککەوتن واژوو دەکرێت لەبارەی دامەزراندنی ناوەندێکی نێودەوڵەتیی لە شاری لاهای هۆڵەندا سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ، ئەمەیش یەکەم هەنگاو دەبێت بۆ دامەزراندنی دادگایەتی تایبەت بە جەنگ.
بەپێی زانیاریی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، لەو کۆنفرانسەی لە ئۆکراینا ساز دەکرێت، رێککەوتنێکی نوێ لەبارەی تیمی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی لە هەیکەلی Eurojustدا، کە دامەزراوەیەکی هاریکاریی یەکێتیی ئەورووپایە بۆ دادگاییکردنی تاوانەکان، واژوو دەکرێت.
ئەرکی تیمی لێکۆڵینەوەی هاوبەش، کۆکردنەوەی بەڵگە و لێکۆڵینەوە دەبێت لەو تاوانە نێودەوڵەتییانەی لە ئۆکراینا ئەنجامدراون.
لە تیمەکەدا پسپۆڕانی دادگای سزای نێودەوڵەتیی، ئۆکراینا، لیتوانیا، پۆڵەندا، ئیستۆنیا، سلۆڤاکیا و رۆمانیا بەشدار دەبن.