شەش وڵاتی ئەورووپی ئیدانەی توندوتیژییەکانی ئیسرائیلی داگیركهر بۆسهر فەڵەستین دەکەن
دیجیتاڵ میدیای سپێده
بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا و ئیسپانیا داوای کۆتاییهێنان بە دەستدرێژیی جوولەکە نیشتەجێکراوەکانیان بەرامبەر بە مەدەنییە فەڵەستینییەکان و توندوتیژییەکان لە ئیسرائیل و ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستیندا کرد.
لە راگەیەندراوێکی هاوبەشی شەش وڵاتە ئەوروپییەکەدا باس لەوە کرا کە زیادبوونی توندوتیژییەکانی ئەم دواییە لە ئیسرائیل و ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین جێگەی نیگەرانییە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئیدانەی ئەو هێرشە کراوە کە هەفتەی رابردوو لە کەرتی رۆژئاوا کوژرانی دوو ئیسرائیلی لێکەوتەوە، ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە هیچ بارودۆخێکدا بەرگری لە تیرۆر ناکرێت و هاتووە: "بە توندی کردەوەی توندوتیژیی جووە نیشتەجێکراوەکان بۆ سەر خەڵکی مەدەنیی فەڵەستینی و ماڵەکانیان، ئیدانە دەکەین".
هەر لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە رووداوەکان و گیانلەدەستدانی خەڵکی مەدەنی تەنها دەبێتە هۆی توندوتیژی زیاتر، ئاماژە بەوەش کرا کە پێویستە ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لەم رووداوانە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "پێویستە هەموو ئەو هەنگاوە تاکلایەنانەی کە هەڕەشە لە ئاشتی دەکەن و هانی توندوتیژی دەدەن، بوەستێندرێن".
داوا لە لایەنەکانیش کراوە دەستبەرداری بڕیارەکانیان نەبن لە کەمکردنەوەی گرژی وئاڵۆزییەکان و هەوڵەکانیان بۆ ئاشتی هەمیشەیی.
لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە: "دژایەتی خۆمان بەرامبەر هەموو ئەو هەنگاوە تاکلایەنانە دووپات دەکەینەوە کە زیان بە چارەسەری دوو دەوڵەتی دەگەیەنێت".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا داوا لە حکوومەتی ئیسرائیلی داگیركهر کراوە بە بڕیارەکەی خۆیدا بچێتەوە سەبارەت بە دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی نوێ و بە یاساییکردنی ئەو شوێنانە لە کەرتی رۆژئاوا.