كوتلەی سادیقون گرنگترین رێگرییەكانی بەردەم یەكلاكردنەوەی بودجە ئاشكرا دەكات
دیجیتال میدیای سپێده
ئەندامێكی كوتلەی سادیقون لەپەرلەمانی عێراق گرنگترین ئەو رێگری وئاستەنگانەی بەردەم یەكلاكردنەوەی پرۆژە یاسایی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2023 ئاشكرا دەكات.
سوهەیلە ئەلسوڵتانی، ئەندامی كوتلەی سادیقون رایگەیاندوە: تا ئێستا پرۆژە یاسایی بودجەی گشتی نەگەیشتووەتە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، وئاشكرایكرد: دادگایی باڵای فیدراڵی بۆ هەموو لایەك رونیكردۆتەوە وبریاڕی خۆیشی داوە بەوەی نابێت هەرێمی كوردستان هیچ بڕە پارەیەك لەحكومەتی ناوەندی وەربگرێت، بەبێ رادەستكردنی داهاتە نەوتی ونا نەوتییەكان بەبەغدا.
ئەلسوڵتانی راشیگەیاندوە: دۆسیەی داهاتەكان یەكێكە لەو دۆسیە گرنگانەی كەلایەنە سیاسییەكان كاری لەسەر دەكەن لەنێوان هەولێر وبەغدا، ولەسەر هەرێمی كوردستانیش پێویستە ئەو داهاتانە رادەستی بەغدا بكات، وبەرادەست نەكردنیشیان دەبێتە هۆی دواخستنی دۆسیەی بودجەی گشتی لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە.
راشیگەیاند: لایەنە كوردیەكان داوای چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان دەكەن لەپێناو بەیاساییكردنی پرۆژە یاسایی بودجە، بەڵام ناكرێت لەدەستور ویاسا دەربچین لەكاتێك دا دادگایی باڵای فیدراڵی قسەی خۆیان كردوە وپێویستە هەموو لایەك پێوەی پابەند بێت.