پۆلیسی پاکستان هەوڵی دەستگیرکردنی سەرۆکوەزیرانی پێشووی دا
دیجیتال میدیای سپێده
بەمەبەستی دەستگیرکردنی سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان، عیمران خان کە فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکراوە، پۆلیسی ئەو وڵاتە چوونە سەر ماڵەکەی لە شاری لاهوور.
بەپێی هەواڵێکی جیۆ نیوز، عیمران خان کە بەشداری لە دانیشتنی دادگاییکردنەکەیدا نەکردووە لەسەر فرۆشتنی ئەو دیاریانەی لە سەردەمی سەرۆکایەتییدا لەلایەن بیانییەکانەوە پێی بەخشراوە، بەهۆی دەرچوونی بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆی، پۆلیس دەستی بە ئۆپەراسیۆن کرد.
پۆلیس رایگەیاند کە بەمەبەستی دەستگیرکردنی چوونەتە سەر ماڵەکەی بەڵام لە ماڵ نەبووە.
جێگری سەرۆکی بزووتنەوەی دادپەروەریی پاکستان (PTI)، چاودری فاڤاد حوسێن لە تویتێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەر هەوڵێکی دەستگیرکردنی عیمران خان دۆخی وڵات ئاڵۆزتر دەکات و داوای لە حکوومەت کرد، قەیرانی زیاتر لە وڵاتدا دروست نەکات.
چاودری فاڤاد حوسێن باسی لەوە کرد کە لە ئەگەری دەستگیرکردنی عیمران خان-دا، لەسەرانسەری وڵاتدا خۆپیشاندان دروست دەبێت و داوای لە لایەنگرانی پارتەکەشیان کرد لە دەوری ماڵەکەی عیمران خان گردببنەوە.
دوای ئەو پێشهاتانە، سەدان لایەنگری بزووتنەوەی دادپەروەریی پاکستان بەرەو ماڵەکەی عیمران خان بەڕێکەوتن.