لە سعوودیە 126 ملیۆن دۆلار بۆ زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکان کۆکراوەتەوە
کۆی ئەو هاوکارییانەی لە سعوودیە بۆ زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکان لە تورکیا و سووریا کۆکراوەتەوە، ١٢٦ ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە.
بەپێی داتاکانی پلاتفۆرمی "ساهیم" سەربە سەنتەری شا سەلمان بۆ فریاگوزاری و کاری مرۆیی، ژمارەی ئەو کەسانەی بەشدارییان کردووە لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان بەناوی "بەشداریتان ئازارەکانی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکان لە تورکیا و سووریا کەم دەکاتەوە" دوو ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.
تێکڕای هاوکارییە کۆکراوەکان گەیشتووەتە ٤٧٤ ملیۆن و ٧٦٨ هەزار ریال (١٢٦ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار)، ژمارەی بەشداربووانی هەڵمەتەکەیش گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٣٠ هەزار و ٥٦١ کەس.
بنکەی هاوکاریی مرۆیی شا سەلمان لە حەوتی شوبات هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکان لە تورکیا و سووریا راگەیاند و ماوەی بۆ هەڵمەتەکەیش دیاریی نەکرد.
سعوودیە لە رێگای ١٤ فڕۆکەوە هاوکارییەکانی وەک کابینەخانوو و تیمەکانی گەڕان و رزگارکردنی رەوانەی تورکیا کردووە.