ئەمریكا رێكاری توندتر بەرامبەر تیك تۆك دەگرێتەبەر و بەتەواوی لەناوخۆی وڵاتەكەی قەدەغەی دەكات
دیجیتال میدیای سپێده
كۆشكی سپی پشتگیری خۆی بۆ دەركردنی یاسایەكی پێشنیاركراو كرد بۆ قەدەغەكردنی ئەپڵیكەیشنی تیك تۆك كە كۆمپانیایەكی چینی خاوەندارێتی دەكات، ئەم پڕۆژە یاسایە لەلایەن سیناتۆری دێرینی دیموكراتەكان مارك وارنەر و جۆن تون، سیناتۆری كۆمارییەكان پێشنیاركراوە.
جەیك سولیڤان، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا رایگەیاند، وەك ئیدارەی ئەمریكا پێشوازی لەو پێشنیارەی هەردوو سیناتۆركە دەكەن كە ئامانج لێی ڕێگریكردنە لە مەترسییە ئەمنییەكان بۆ سەر تەكنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەكان لە ئەمریكا. سولیڤان لە بەیاننامەیەكدا جەختی لەوەكردەوە، كە پڕۆژە یاساكە دەبێتە هۆی بەهێزكردنی حكومەتی ئەمریكا بۆ ڕێگریكردن لە حكومەتە بیانییەكان لە ئیستغلالكردنی خزمەتگوزارییە تەكنەلۆژییەكان، بە شێوەیەك كە داتا هەستیارەكانی ئەمریكییەكان و ئاسایشی نیشتمانی بخەنە مەترسییەوە.
ئەم پڕۆژە یاسایە كە لەبەردەم ئەنجومەنی پیراندایە و كۆشكی سپی پاڵپشتی دەكات، لێدانی زەبری سیاسی بەرامبەر بە تیك تۆك و كۆمپانیا چینیەكان بەهێزتر دەكات، كە بە شێوەی یاسای دەكرێنە ئامانج.
سیناتۆر وارنەر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە، ئەو هەڕەشەیەی كە لە ئێستادا هەموان باسی دەكەن تیك تۆكە، و پێش تیك تۆكیش هواوی و ZTE مەترسییان لەسەر تۆڕەكانی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەمان دروستكردبو، پێش ئەوە تاقیگەی كاسپەرسكی ڕوسی مەترسی لەسەر ئاسایشی دەزگا و كۆمپانیاكانی حكومەتی ئەمریكا دروست دەكرد.
ئەپڵیكەیشنی تیك تۆك كۆمپانیایەكی چینی خاوەندارێتی دەكات، ژمارەی بەكارهێنەرانیشی لە سەرانسەری جیهاندا یەك ملیار كەسی تێپەڕاندوە و لە ئەمریكاش سەد ملیۆن كەسی تیكتۆك بەكاردەهێنن بەتایبەتی چینی گەنجان بەكاری دەهێنن.
لە مانگی یەكی ئەمساڵدا دەسەڵاتدارانی ئەمریكا ڕێگریان لە كارمەندانی وەزارەتەكانی حكومەت كرد كە بەرنامەی تیك تۆك لەسەر ئامێرە فەرمیەكانیان دابەزێنن، هەروەها ڕێگری لە فەرمانبەرانی حكومی لە یەكێتی ئەوروپا و كەنەدا و دانیمارك كرا كە ئەپەكە لە مۆبایلە فەرمییەكانیان دابەزێنن.