هەواڵی کوردستان ئێستا

تەندروستی زاخۆ: سێھەزار پشکنینی کۆرۆنا ئەنجام دراون و ٤٨٠ کەسیش کەرەنتین کراون

تەندروستی زاخۆ: سێھەزار پشکنینی کۆرۆنا ئەنجام دراون و ٤٨٠ کەسیش کەرەنتین کراون
تەندروستی زاخۆ: سێھەزار پشکنینی کۆرۆنا ئەنجام دراون و ٤٨٠ کەسیش کەرەنتین کراون

2020-04-02 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  لە سنووری قەزای زاخۆ سێھەزار پشکنین بۆ ئەو ھاووڵاتیانەی پێشتر لە ڕێگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیلەوە ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە و گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆش دەڵێ، لەو ژمارەیە ٤٨٠ کەس کەرەنتین کراون و دەرگای شەش کەمپیش داخراوە.

 ئەمیر عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تا ئێستا سێھەزار پشکنین لەلایەن تەندروستیی زاخۆوە بۆ ئەوکەسانەی لە ڕێگەی ئیبراھیم خەلیلەوە دێنە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە و ٤٨٠ کەس لەوانە کەرەنتین کراون و بەردەوامیش پشکنیان بۆ دەکرێت، تا دڵنیابین لەوەی ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان، یان نا، بە خۆشحاڵییەوە زۆربەیان پشکنینەکەیان نێگەتیڤە."

 گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ گوتی: "دوو حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنووری قەزای زاخۆ تۆمار کراون و ئەوانیش پێشتر بەرکەوتنیان لەگەڵ کەیسێکی دیکەیان ھەبووە، ئەوانەیشی بەرکەوتنیان ھەبووە ھەموویان کەرەنتین کراون." ژمارەی دانیشتووانی قەزای زاخۆ زیاتر لە ٢٠٠ھەزار کەسە و وەک ئەمیر عەلی ئاماژەی بۆ کرد: "زۆربەی دانیشتووانی زاخۆ لەگەڵ قەدەغەی ھاتوچۆن و پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بوونە و داواش لە ھاووڵاتیان دەکات زیاتر خۆیان بپارێزن تا قۆناغی مەترسیداری کۆڕۆنا تێ دەپەڕێت، بەتایبەتی مانەوە لە ماڵەوە باشترین ڕێگایە بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا."

 پەیوەست بە کۆنتڕۆڵکردنی کەمپەکانیش ئەمیر عەلی ڕوونی کردەوە: "لە قەزای زاخۆ شەش کەمپی ئاوارەکان ھەن و بە بڕیاری حکوومەت دەرگای کەمپەکان داخراوە و ھاتن و چوون بۆ نێو کەمپەکان و بەپێچەوانەوە قەدەغەیە، ھەموو کەمپەکان خراونەتە ژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی زاخۆ و ڕەوشی کەمپەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی تەندروستیدایە." 

 قائید میرۆ