هەواڵی کوردستان ئێستا

شاره‌زایان: هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن نرخی نه‌وت به‌ره‌و به‌رزبوونه‌وه‌ بچێت

شاره‌زایان: هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن نرخی نه‌وت به‌ره‌و به‌رزبوونه‌وه‌ بچێت
شاره‌زایان: هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن نرخی نه‌وت به‌ره‌و به‌رزبوونه‌وه‌ بچێت

2020-04-02 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هه‌ولێر-KDP.info- شاره‌زایانی بواری نه‌وت و وزه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن چه‌ند هۆكار و فاكته‌رێك هه‌ن ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ جارێكی دیكه‌ نرخی نه‌وت به‌رز بێته‌وه‌ و هه‌وڵه‌كانیش له‌ هه‌موو لایه‌ك به‌رده‌وامن بۆ ئه‌وه‌ی نرخی نه‌وت به‌رز بێته‌وه‌، بۆیه‌ نرخی نه‌وت جارێكی دیكه‌ بۆ سه‌رووی 60 دۆلار به‌رز ده‌بێته‌وه‌، له‌وانه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و كڕینی نه‌وت له‌لایه‌ن چین و كه‌مبوونه‌وه‌ی كاریگه‌ریی كۆرۆنا كه‌ به‌ره‌و وه‌رزی گه‌رما ده‌چین .


ئه‌ندامی لیژنه‌ی سامانه‌ سروشتییه‌كانی پەرلەمانی کوردستان، جیهاد حه‌سه‌ن، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "چه‌ند هۆكارێك هه‌ن كه‌ وا ده‌كه‌ن نرخی نه‌وت به‌رز بێته‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ نرخی نه‌وت ئاسایی بێته‌وه‌، چونكه‌ ناكرێت به‌وشێوه‌یه‌ نرخی نه‌وت نزم بێت، بۆیه‌ له‌ هه‌موو لایه‌ك هه‌واڵه‌كان به‌رده‌وامن بۆ ئه‌وه‌ی نرخی نه‌وت به‌رز بێته‌وه‌."

 

جیهاد حه‌سه‌ن باسی له‌وه‌ش كرد: "هۆكاریش ئەوەیە کە جارێكی دیكه‌ كارگه‌كانی چین ده‌ستیان به‌كار كردووەتەوە‌ و پێویستیان به‌ نه‌وت هه‌یه‌ و ده‌یكڕن و ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌وڵدایه‌ و سعوودیا بڕیاری داوه‌ نه‌وت كه‌م بكاته‌وه‌ و ئۆپیك له‌ هەوڵدایه‌ و وه‌رزه‌كه‌ش به‌ره‌و گه‌رما ده‌چێت و كۆرۆنا كاریگه‌رییه‌كانی كه‌م ده‌بێته‌وه،‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی هۆكارن بۆ ئه‌وه‌ی نرخی نه‌وت به‌رز بێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كاتیه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی نه‌وت به‌رز ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ كاریگه‌ریی كردووەته‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ داهاتیان له‌سه‌ر نه‌وته‌."

هاوکات د. بێوار خنسی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هۆكاری نزمبوونی نرخی نه‌وت بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ چین وڵاتێكه‌ ڕۆژانه‌ 10ملیۆن به‌رمیل نه‌وت ده‌كڕێت و به‌هۆی كۆرۆناوە كڕینی نه‌وتی ڕاگرتبوو و خواستیش له جیهان له‌سه‌ر کڕینی نه‌وت كه‌م ببوو و وڵاتانی ئه‌ندامی ‌ئۆپیك به‌تایبه‌ت ڕووسیا و سعوودیا ئاماده‌ نه‌بوون به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت كه‌م بكه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی نرخی نه‌وت به‌رز بێته‌وه‌."

ڕاوێژكاری پێشووی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وزه‌ گوتیشی: "‌ئێستا هه‌موو هه‌وڵێك ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی نرخی نه‌وت ئاسایی بێته‌وه‌ و له‌به‌ر دوو هۆكاریش جارێكی دیكه‌ نرخی نه‌وت بۆ سه‌رووی60 دۆلار به‌رز ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ چین ده‌ستی به ‌کڕینی نه‌وت كردووەته‌وه‌ و ده‌ستیان به ‌كاركردن كردووه‌ و پێویستیان ڕۆژانه‌ به‌ 10ملیۆن به‌رمیل نه‌وت هه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌موو جیهان ڕۆژانه ‌17ملیۆن و 500هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشرێت."

د. بێوار خنسی گوتیشی: "جگه‌ له‌وه‌ش، ئه‌مه‌ریكا و ئه‌و وڵاتانه‌ی كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتیان هه‌یه‌ به‌هۆی نزمبوونه‌وه‌ی نه‌وت زه‌ره‌ری ملیاران دۆلاریان به‌ر كه‌وتووه‌، چونكه‌ خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت زۆره‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ریكا شاندێكی ڕه‌وانه‌ی سعوودیا كردووه‌ و خه‌ریكه‌ ده‌گه‌نه‌ ڕێككه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ نرخی نه‌وت به‌رز بێته‌وه‌ ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئه‌و وڵاتانه‌ی داهاتیان له‌سه‌ر نه‌وته‌ دۆخی ئابوورییان ئاسایی بێته‌وه‌ و تووشی قه‌یران نه‌بن."

بڵند ئیبراهیم