''بەھۆی سەرپێچییەوە داواکاری گشتی چەندین کەسی سزا داوە''
هەولێر-KDP.info- داواکاری گشتیی ھەرێمی کوردستان دەیان سکاڵای لەسەر دەیان کەسی سەرپێچیکار تۆمار کردووە و ھەشت کەسیش بەھۆی سەرپێچی لە بڕیارەکانی حکوومەت، سزای قورسیان بەسەردا سەپێندراوە و چەند کەسێک لەوانە دەستگیر کراون و لە ھەوڵی دەستگیرکردنی ژمارەیەک تۆمەتباری دیکەن.
دادوەر پشتیوان سمکۆ، گوتەبێژی داواکاری گشتیی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێش ڕاگەیاندنی پشووی فەرمی، ئێمە لە داواکاری گشتی دەستبەکار بووینە و بەردەوام لەگەل ژووری ئۆپەراسیۆن و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوونمان کردووە بۆ ئەوەی ئەوکەسانەی لەو ڕەوشەی ئێستا تێیداین سەرپێچی دەکەن بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت."
گوتەبێژی داواکاری گشتی گوتیشی: "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین کەیس ھەبووە ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان گیراوەتە بەر و بەشێک لەوانە چارەسەر کراون، بۆ نموونە، خەڵک ھەبووە کەرەنتین کراوە، خەڵک ھەبووە ڕێگەی گرتووە ڕێگامان پێی کردووەتەوە، چەندین جۆر سەرپێچی ھەبووە، تەنانەت شوێنی بازرگانی و مارکێت ھەبووە لەسەر بەرزکردنەوەی نرخ سزا دراوە."
دادوەر پشتیوان سمکۆ ڕوونی کردەوە: "ھەشت کەیس لەلایەن داواکاری گشتییەوە جووڵێندراون و زۆربەشیان لە ڕێگەی خراپ بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یاساشکێنییان کردووە و خەڵکیان ھان داوە قەدەغەی ھاتوچۆ بشکێنن، یانیش پڕۆپاگەندەیان بڵاو کردووەتەوە، ھەندێک لەوانە دەستگیر کراون و ھەشە بڕیاری دەستگیرکردنی ھەیە و ھێشتا نەگیراوە."
دادوەر پشتیوان دەڵێت: "سزای ئەو ھەشت کەیسە کە سەرپێچیی بڕیارەکانی حکوومەتیان کردووە، لە شەش مانگ زیندانیکردن ھەتا پێنج ساڵە، یانیش پێبژاردنی ماددی ھەیە کە ھەردووکیان بەپێی یاسا سزای قورسن و ڕێگەش بە کەس نادەین، پڕۆپاگەندە لەبارەی ڕەوشی ئێستا و سەرپێچیی بڕیارەکانی حکوومەت بکات."
قائید میرۆ