سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری بازرگانیی سعوودیە کۆبوویەوە
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و وەزیری بازرگانیی سعوودیە، ماجد عەبدوڵڵا قەسەبی ئاسۆی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی کردووە لە وەزیری بازرگانیی سعوودیە، ماجد عەبدوڵڵا قەسەبی.
راشیگەیاندووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ئاسۆی ھاریکارییە ھاوبەشەکان و پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کراوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر پەرەپێدان بە ھاوبەشی لەگەڵ سعوودیە لەسەرجەم بوارەکاندا، بە تایبەتیش لە بوارەکانی ئابووریی، وەبەرھێنان، وزە و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی ئاووھەوادا.
لای خۆیەوە وەزیری بازرگانیی سعوودیە، ماجد عەبدوڵڵا قەسەبی جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە کارەکانیان لەچوارچێوەی ئەنجوومەنی ھەمانگیی عێراقی-سعوودی بەردەوام دەبێت کە ھاریکارییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە بوارەکانی ئابووریی، وەبەرھێنان، گەشتوگوزار و ئەمنیی و ژمارەیەک بواری دیکە دەگرێتەوە.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیری بازرگانیی سعوودیە، ماجد عەبدوڵڵا قەسەبی گەیشتە بەغدا.