هەواڵی کوردستان ئێستا

ئایا دوای کوژاندنەوەی ئاگری نەورۆز ئاگری کێشەکانی پارتی و یەکێتیش دەکوژێتەوە؟

ئایا دوای کوژاندنەوەی ئاگری نەورۆز ئاگری کێشەکانی پارتی و یەکێتیش دەکوژێتەوە؟
ئایا دوای کوژاندنەوەی ئاگری نەورۆز ئاگری کێشەکانی پارتی و یەکێتیش دەکوژێتەوە؟

2023-03-20 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامی پیرۆزبایی نەورۆزدا داوای لە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی وەزاری یەکێتی نیشتمانی کرد  لە دوای پشووەکانی نەورۆز بگەڕێنەوە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران. لەبەرامبەردا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند "دەستی ئاشتەوایی درێژ دەکەن و ئامادەی هەمو گفتوگۆیەکن."

ئەم لێدوانانە کە تاڕادەیەک نەرمی نواندنیان تێدابوو ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە کە هەردوو حیزب دوای بۆنەکانی نەورۆز لە یەکتر نزیکتر ببنەوە.

جیهاد حەسەن، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "من گەشبینم دوای نەورۆز تیمی یەکێتی دەگەڕێنەوە ناو کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، چونکە خودی سەرۆکی حکومەت ئەو پەیامەی ئاڕاستە کردووە. "

بەڵام باڵانبۆ محەمەد، پەرلەمانتاری یەکێتی، دەڵێت گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی لە کۆتاییدا پەیوەستە بەوەی کە بەپرسانی پارتی تا چەندە نیگەرانیەکانی یەکێتی چارەسەردەکەن. 

 باڵانبۆ محەمەد  بە دەنگی ئەمەریکای وت، " گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بە بڕیاری سەرۆک بافڵ و سەرکردایەتی یەکێتییە، بەڵام هەتا سەرۆکی حکومەت بەم شێوەیە بیر بکاتەوە و مامەڵە بکات بەدڵنیاییەوە تیمی یەکێتی ناگەڕێتەوە ناوحکومەت. "

گەڕانەوەی تیمی یەکێتی پەیوەندی بەچیەوە هەیە؟

لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردووەوە تیمی وەزاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە بریتین لە جێگری سەرۆکی حکومەت و چوار وەزیر بایکۆتی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە. وەک خۆیان دەڵێن هۆکاری ئەم هەڵوێستەیان جیاوازی کردن و سزادانی سلێمانیە لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە.

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی دەڵێت، " گەڕانەوەی تیمی یەکێتی پەیوەبدی هەیە بە چارەسەری ئەو کێشانەی کە ئێستا هەیە، ئەویش ئەوکاتەی کە حکومەت بەراستی حکومەت بێت، دەستی خزمەتگوزاروی بۆ هەموو ناوچەکان وەک یەک درێژ بکات نەک ناوچەیەک سزا بدات، ناوچەیەکی تریش خزمەتگوزاری تێدا بکات."

پارتی و بەرپرسانی ئەو حزبە چەندین جار ئەم پاساوەی یەکێتییان ڕەتکردۆتەوە.  لە نوێترین لێدوانیدا مەسرور بارزانی لەگەڵ وێب سایتی ئەلمۆنیتەر ڕایگەیاند، " کێشەکانی یەکێتی پەیوەندی بە دۆسیەی کوشتنی هاوکار جاف-ەوەیە."

  پەرلەمانتارەکەی پارتیش جیهاد حەسەن ڕەتیدەکاتەوە سەرۆکی حکومەت جیاوازی لەنێوان ناوچەکان بکات و دەڵێت، " سزای هیچ شوێنێک نەدراوە ئەوەی خزمەتی دهۆک و هەولێر کراوە هۆکار ئەوەیە داهات دەگەڕێتەوە، ئەوەی سلێمانیش هۆکاری چەند کەسێکە کە پارەی بانکەکانیان بردوە و داهات ناگەڕێننەوە."

وتیشی"پارێزگاری سلێمانیش خۆی دەزانێت کەچەند خزمەتی سلێمانی کراوە و سەرۆکی حکومەت جیاوازی ناکات. کوردستان وەک جەستەیەک وایە ناکرێت مرۆڤێک دەستێکی لە دەستێکی خۆشتر بوێت."

تێکشکانی فڕۆکە

کۆتایی هەفتەی ڕابردوو دەزگای دژەتیرۆری هەرێم ڕایگەیاند کە لە سنوری دهۆک کۆبتەرێک بەچەند سەرنشینێەکەوە کەوتەخوار. دواتر هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند کە ئەو کۆپتەرە هی هێزەکانی دژەتیرۆری هەسەدەیە و حەوت کەسی ئەو هێزانەش گیانیان لەدەستداوە.

ڕۆژی شەممەش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆبونەوەی لەگەڵ نوێنەر و کونسڵە وڵاتان لەهەرێم ڕایگەیاند کە ئەو کۆبتەرانە لەلایەن باڵێکی یەکێتیەوە دراون بە هەسەدە و حکومەتی هەرێم ئاگادار نییە.

بەبڕوای چاودێران بابەتی کەوتنە خوارەوەی ئەو فڕۆکانە و پەیوەندییەکانی هەسەدە و یەکێتی وەک کێشەیەکی نوێ لە نێوان پارتی و یەکێتی سەری هەڵداوە و کێشە کۆنەکانیشی گەرمکردۆتەوە.

لەم بارەوە باڵانبۆ محەمەد دەڵێت، " ناکرێت سەرۆکی حکومەت لەسەرەوە داوای گەڕانەوەی تیمی حکومەت بکات، بەڵام لە پەیج و سایتەکان کە پاراستن بەڕێوەدەبات هەندێک تۆمەت دوور لە هەموو نەریتێکی کوردانە ئاڕاستەی سەرکردەکانی یەکێتی بکات بەتایبەت بینیمان لەبابەتی کەوتنە خوارەوەی کۆبتەرەکانی دهۆک. "

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی وتیشی" هەرخۆی  پارتی و یەکێتی زۆر نزیک نین، بەتایبەت لەبابەتی نەتەوایەتی. "

بەڵام جیهاد حەسەن ڕەتیدەکاتەوە کە پارتی ڕووداوەکەی دهۆکی بۆ مەبەستی سیاسی بەکارهێنابێت. ئەو وتی، " کەس هێرشی نەکردۆتە سەر سەرکردەی یەکێتی، بەڵام لەناو یەکێتی هەرکەسێک و لایەنێک غەڵەت بکەن بشگەڕێنەوە ناو کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران باسییان دەکەین و پێیان دەڵێین هەڵەتان کردوە هەروەک بابەتی کۆبتەرەکانی دهۆک."

وتیشی " ڕاستە کێشە هەیە لەنێوان پارتی و یەکێتی، بەڵام ئەمە مانای دوژمنداری نیە. ئەو دەستپێشخەریەش لەلایەن سەرۆکی حکومەت جێی دڵخۆشی و دەستخۆشیە.  ڕۆڵی کاک قوباد یش لەناو حکومەت بەرز دەنرخێنن، وە دڵنیام و گەشبینم کە یەکێتی دەگەڕێتەوە ناو حکومەت لە دوای نەورۆز."