ئەمریکا بنکەیەکی هەمیشەیی سەربازی لە پۆڵەندا دەکاتەوە
دیجیتال میدیای سپێدە
حکوومەتی پۆڵەندا رایگەیاند، ئەمریکا بنکەیەکی هەمیشەیی سەربازیی لە شاری بوزنان رۆژئاوای وڵاتەکەی دەکاتەوە.
بەپێی ئاژانسی ئەسوشێتد پرێس، هەریەک لە وەزیری بەرگریی پۆڵەندا، ماریۆس پلاشچاک و بەرپرسانی ئەمریکی ئامادەی رێوڕەسمی کردنەوەی بنکە سەربازییەکە بوون.
وەزیری بەرگریی پۆڵەندا، ماریۆس پلاشچاک لە گوتارێکدا کە لە رێوڕەسمەکی کردنەوەی بنکە سەربازییەکەدا پێشکەشی کرد گوتی: "ستایشی بوونی بەردەوامی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەمان دەکەین".
ماریۆس پلاشچاک جەختی لە پێویستی یەکهەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوایی کردەوە.
وەزیری بەرگریی پۆڵەندا روونی کردەوە کە هەماهەنگیی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا نموونەییە و ئامانجی دەستەبەرکردنی هاریکاریی هاوبەشە لە نێوان هێزە چەکدارەکانی هەردوو وڵاتدا.
لە چوارچێوەی پشتیوانییەکانی ئەمریکا لە پۆڵەندا، واشنتۆن زیاتر لە ١٠ هەزار سەربازیی وڵاتەکەی لەو وڵاتەدا جێگیر کردووە.
هێزەکانی ئەمریکا لە پۆڵەندا سەرپەرشتی ئەو پشتیوانە سەربازییانە دەکات کە وڵاتانی بیانی پێشکەش بە ئۆکراینای دەکەن.
جێی ئاماژەیە، ئەمریکا پێنج بنکەی سەربازیی لە ئەڵمانیا، یەک بنکەی سەربازیی لە بەلجیکا و بنکەیەکی دیکەی سەربازیی لە ئیتاڵیا هەیە.