ئەمەریكا ڕەخنەی توند لە ئەنجامدانی توندوتیژی دەگرێت لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی پارتی و یەكێتی
دیجیتاڵ میدیای سپێدە
ڕاپۆرتەكە لە چەند بەشێكیدا باس لە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان دەكات, تیایدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ڕەخنەی تووند لە پێشێلكاری و گەندەڵیی و ئەنجامدانی توندوتیژی دەگرێت لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی پارتی و یەكێتی و حكومەتی هەرێم.
ڕاپۆرتەكە باس لەوە دەكات، هێزە ئەمنییەكان لە هەرێمی كوردستان توندوتیژییان بەرامبەر خۆپیشاندەران و چالاكانی ڕەخنەگر لە حكومەت ئەنجامداوەو چەندین حاڵەتی دەستگیركردن هەبووە بەبێ بڕیاری دادگاو ئاگاداربوونی كەسوكاری دەستگیركراوان، لە ڕاپۆرتەكەدا چەندین حاڵەتی دەستگیركردن و پێشێلكاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان خراوەتەڕوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئەوەشی خستووەتەڕوو، پارتی و یەكێتی خاوەنی هێزی چەكدارو پێشمەرگەی تایبەت بە خۆیانن و هەریەكەیان دەزگای هەواڵگریی سەربەخۆیی هەیە كە هەر بەناو سەربە ئەنجومەنی ئاسایشن.
ڕاپۆرتەكە باسی خراپیی دۆخی زیندانەكان و لێدان و ئەشكەنجەدانی دەستگیركراوان دەكات لەگەڵ سزا نەدانی ئەوانەی پێشێلكاریی و توندوتیژییان ئەنجام داوە لەلایەن حكومەتەوە.
لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكایەو ئەوە خراوەتەڕوو كە گەندەڵی لە هەموو ئاستەكاندا بەربەستە لەبەردەم حكومڕانییەكی تەندروست، لەوانەش؛ بەرتیلدان، سپیكردنەوەی پارە، خزمایەتی و خراپ بەكارهێنانی سامانی گشتی لە هەموو ئاستەكانداو ڕەچاوكردنی خێزان و خێڵ و كاریگەرییان لەسەر بڕیارەكانی حكومەت هەیە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژە بەوەش دەكات، هەرچەندە ئەنجوومەنی دادوەری كوردستان لە ڕووی یاسایی و دارایی و كارگێڕییەوە سەربەخۆیە لە وەزارەتی دادی هەرێم، بەڵام دەوترێت سەركردە باڵاكانی هەرێمی كوردستان كاریگەرییان لەسەر دۆسیە سیاسییە هەستیارەكان هەبووە. هەروەها دەوترێت پارتی و بەكێتی كاریگەرییان لەسەر دانانی دادوەران و بڕیارەكانی دادگا هەبووە.
لای خۆشیەوە حكومەتی هەرێم لە ڕێگەی نووسینگەی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەكان وەڵامی ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای داوەتەوە,حكومەتی هەرێم ڕاپۆرتەكە بەناشەفاف دووڕو ناودەبات و دەڵێت:راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، زۆر ناشەفافانە و دوور لە ڕاستی و ناواقیعیانە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان دەكات و دووڕوویی و ئیزدواجیەتی تێدایە ,هەروەها حكومەتی هەرێم سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین ئاماژەی بەوەكردووە كە لە هەرێمی كوردستان ئەوپەڕی ئازادی بیرو ڕا و ئازادی ڕاگەیاندن هەیە بەڵام راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پشت بە چەند سەرچاوەیەكی نافەرمی و دەزگای میدیایی دەبەستێت كە هەڵوێستەكانیان سیاسین و خۆیان دژی ئەم دەسەڵاتەن و ئۆپۆزیسیۆنی سیاسین و دەیانەوێ بۆ مەرام و ئامانجی سیاسی خۆیان ڕاستییەكان بشوێنن.
ئاماژەی بەوشەكردووە كە مایەی نیگەرانییە كە كونسوڵگەری گشتی ئەمریكا مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ چەند كەس، گرووپی میدیایی و ژمارەیەك لە بەناو رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی دەكات و پاڵپشتی داراییان دەكات كە ئەجێندای سیاسییان لە پشتە و تەنانەت زۆریشیان مۆڵەتی یاسایی كاركردنی نییە.
هاوكات پێگەی فۆرن پۆڵەسی ئەمریكی لە ڕاپۆرتێكدا ئەوەی خستۆتە ڕوو كە كوردستان وەك نیمچە دورگەیەكی دیموكراسی و گەشەسەندنی ئابوری لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناودەبرا, بەڵام وادەدردەكەوێت ئەمڕۆ لە تاریكایەكی قوڵدابێت.دامەزراوە سیاسییەكان دابەشبون, هاوڵاتیانیان بێبەشكردووە لەئازادی رادەربڕین, جیاوازی چینایەتی و نەبونی دەرفەتی كاركردن, بووەتە هۆی سەرهەڵدانی دروستبونی شەپۆلی كۆچكردن و گەڕان بەدوای ژیانێكی باشتردا.
ئەوەشی خستۆتەڕو كە لەكاتێكدا كوردستانی عێراق ڕوبەڕوی قەیرانی شەرعیەت بووەتەوە, پێویستە لەسەر خۆرئاوا هەژمون و دەسەڵاتی خۆی بەكاربهێنێت بۆ لێپرسینەوە لەسەركردەكانی كوردی عێراق, لەسەر گەندەڵی و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ, لەبری پشتیوانیكردنیان لەڕووی سەربازی و سیاسیەوە.