پەرلەمانتارێک: "سۆران عومەر سوود لە پارێزبەندیی پەرلەمانتاری وەردەگرێت و چەواشەكاری دەكات"
هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، چەند پەرلەمانتارێك، لەناویاندا سۆران عومەر بەردەوام دژایەتیی حكوومەت دەكەن و بۆ ئەم مەبەستە زۆركات پەنا بۆ چەواشەكردن دەبەن.
بەھمەن كاكە عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "كۆمەڵێك پەرلەمانتار، كە سۆران عومەر یەكێكیانە، دڵخۆش نین بەو سەركەوتنانەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەرامبەر بە ڕێگریكردن لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆڕۆنا گرتوویەتییە بەر، بۆیە دەستیان كردووە بە تۆمەتبەخشینەوە و تێكدانی دۆخەكە، ئەو، ئەندام پەرلەمانە و پەرلەمان شوێنی یاسادانانە، دەبووایە بەر لە ھەموو كەس ئەو یەكێك بووایە لەوانەی ڕێز لە یاساكان بگرێت و دوور كەوێتەوە لە بوختان و چەواشەكاری".
بەھمەن كاكە عەبدوڵڵا، ئەو دۆسیە بیری سۆران عومەر دەھێنێتەوە، كە پێشتر لە دادگا دوڕاندی و دەڵێت: "ئەو پیاوە دەبووایە ئەوكات وازی لە چەواشە بھێنایە كاتێك لەسەر دۆسیەی بیرەنەوتی (عەینزالە) لە دادگا دۆڕاندی و ئەوكات ڕێزدار مەسروور بارزانی بە (٢٥٠) دیناری عێراقی لێی خۆش بوو، بۆیە ڕەنگە سوودی لەو نەرمینواندە وەرگرتبێت و پێی وا بێت دووبارە بە (٢٥٠) دینار لێی خۆش دەبن."
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "نووسینگەی ڕێزدار سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ڕێگە ڕاستەكەی ھەڵبژارد كاتێك لە ڕاگەیاندراوێكدا گوتیان، ڕێكاری یاسایی دەگرینە بەر، بۆیە دەبێت سۆران عومەر بەڵگەی پێویست بۆ دادگا ئامادە بكات، ئەگەر نەتوانێ تۆمەتەكانی بسەلمێنێت، دەبێ ئیتر خەڵكی كوردستان تێ بگات كە ئەمانە چ چەواشەكار و تۆمەتبەخشێكن".
بەھمەن كاكە عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش كرد: "بەداخەوە سۆران عومەر و ھەندێك پەرلەمانتاری تر بۆ خۆدەربازكردن لە سزای چەواشەكاریەكانیان، سوود لە پارێزبەندیی پەرلەمانتاران وەردەگرن، ئەگەر ئەمانە چەواشەكاری نەكەن، فەرموو با بێ ئەوەی سوود لەو بڕگەیە وەرگرن، بچنە بەردەم یاسا و بەڵگەكان بخەنە ڕوو".
ھەكار ھەركی