پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر 8 ماددەی دیکەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکان دەدات
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی ئاسایی خۆی بۆ دەنگدان لەسەر ھەشت ماددەی دیکەی پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجام دەدات.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاریداوە، ئەمڕۆ کاتژمێر ٢٠:٣٠ بە کاتی بەغدا، دانیشتنی خۆی بۆ دەنگدان لەسەر ئەو برگە و ماددانەی کە لە پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ماون پەسەند بکرێن، ئەنجام بدات.
ئەمەیش لە کاتێکدایە، بڕیاربوو دوێنێ شەممە، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر ھەشت ماددەی دیکەی پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجام بدات.
رۆژی دووی ئەم مانگە لە میانی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە کۆی ١٥ ماددەی پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، حەوت ماددەیان پەسەند کران.
حەوت ماددەکەیش، بە ئامانجی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی ئازاد، پاک و بێگەرد و دادپەروەرانە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە لە ھەرێمێکدا رێکنەخراون ئەنجام بدرێت.
ھەروەھا لە میانی دانیشتنەکەی رۆژی دووی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شەشی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بە وادەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەسەند کراوە.
گرنگترین ئەو ماددانەی کە لە پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەسەند کراون، ئەوەیە کە ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەک خۆیان دەمێننەوە کە ٣٢٩ کورسین و ژمارەی کۆتای پێکھاتەکانیش گۆڕانکاریان تیایدا کراوە کە نۆ کورسییە و بەم شێوەیەن "کورسییەکانی پێکھاتەی مەسیحی دەبن بە پێنج کورسی و بەسەر پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، کەرکووک، دھۆک و ھەولێر دابەش کراون، یەک کورسی بۆ پێکھاتەی ئێزدی لە پارێزگای نەینەوا، یەک کورسی بۆ پێکھاتەی سابیئەی مەندائی لە پارێزگای بەغدا، ھەروەھا یەک کورسی بۆ پێکھاتەی شەبەک لە پارێزگای نەینەوا و یەک کورسی بۆ کوردی فەیلی لە پارێزگای واست".
ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکان پاڵپشتی لە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن و داوا دەکەن کە سیستەمی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق لە (فرەبازنەیی)یەوە بگەڕێتەوە بۆ سیستەمی (سانت لێگۆ)، بەتایبەتیش لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە لە دوایین ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دەنگی پێویستییان بەدەست نەھێنا و تووشی شکستێکی گەورە بوون، لەبەرامبەردا سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر کە دەستی لە کاری سیاسیی کێشاوەتەوە، ھەروەھا ئەندامە سەربەخۆکان و تشرینییەکان دژبە گەڕانەوەی یاسای کۆنی ھەڵبژاردنەکانن.
دوایین ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٣دا ئەنجامدرا، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩دا، بە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان سڕ کرا.