رووسیا: "ئۆکراینا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری Tu-141 Strij هێرشی کردە سەر خاکەکەمان"
دیجیتال میدیای سپێده
وەزارەتی بەرگریی رووسیا، رایگەیاند ئۆکراینا لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری Tu-141 Strij هێرشی کردووەتە سەر خاکی رووسیا.
وەزارەتەکە، روونکردنەوەیەکی لەسەر هۆکاری ئەو تەقینەوەیە بڵاو کردەوە کە لە شاری کیریەڤسک-ی سەر بە ناوچەی تولا-ی روویداوە.
لە روونکردنەوەوکەدا، ئاماژە بەوە کراوە کە هێرش کراوەتە سەر خاکی رووسیا و تێیدا هاتووە: "رژێمی کیێڤ لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری Tu-141 Strij هێرشێکی ئەنجامداوە".
لە روونکردنەوەکەدا، سەرنج بۆ ئەوە راکێشراوە کە سستەمەکانی بەرگریی S-300 و Pantsir-S1 و سستەمی جەنگی ئەلیکترۆنیی جۆری Pole-21 کە لە ناوچەی تولا جێگیرکراون پاراستنێکی متمانەپێکراویان بەم ئاراستەیەدا دابینکردووە و بە تایبەتی سستەمی جەنگی ئەلیکترۆنیی جۆری Pole-21 سستەمی ئاراستەکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکراینای لە کار خستووە.
لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی بەرگریی رووسیادا هاتووە:
"فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە کە ئاراستەکەی ون کردبوو، لە شاری کیریەڤسک-ی سەر بە ناوچەی تولا کەوتووەتە خوارەوە. وەزارەتی بەرگریی رووسیا، شارەزایانی وەزارەتی دۆخی لەناکاوی رووسیا و هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا لە شوێنی رووداوەکە کاردەکەن".
کاتژمێر ١٥:١٩ بە کاتی ناوخۆیی ئەو وڵاتە تەقینەوەیەک لە شاری کیریەڤسک-ی سەر بە ناوچەی تولا کە ٢٢٠ کیلۆمەتر لە مۆسکۆی پایتەختەوە دوورە روویدا و لە ئەنجامدا چاڵێک لە شوێنی رووداوەکە درووستببوو. ئاماژە بەوە کرا کە دوو کەس بەهۆی تەقینەوەکە برینداربوون و زیان بەر سێ باڵەخانە و چەند کۆگایەک کەوتووە.